سهرۆكی ههرێمی كوردستان بهبۆنهی سهربهخۆیى باشوورى سودان پهیامێكی پیرۆزبایی ئاراستهی سهرۆكى كۆمارى باشوورى سودان دهكات
سەرۆكی كۆماری باشووری سودان
سڵاوورێز
ئەمرۆ رۆژێكی پرشنگدارە نەك هەر لە مێژووی گەلی باشووری سودان بەڵكو لە مێژووی گەلانی گشت جیهاندا ، بە تایبەتی ئەو گەلانەی كە خاوەن خەباتێكی دوور و درێژن بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی خۆیان ، ئەوانەی كە مێژوو رۆژێك لە رۆژان غەدری لێكردن و نەیانتوانی سەربەخۆیی خۆیان وەدەست بێنن.
زۆر بە پەرۆشەوە پێشوازی لە راگەیاندنی سەربەخۆیی باشووری سودان دەكەین كە دوای پێنج دەیە لە ململانێ گەلی باشوور ئاهەنگی بوونیان بە دەوڵەتێكی سەربەخۆ گێڕا.
بەم بۆنەیەوە بە ناوی خۆم و گەلی كوردستان پیرۆزبایی لە بەرێزتان و تەواوی گەلی باشووری سودان دەكەم كە ئەمەیش لە ئەنجامی خەباتی ئێوەیە كە چەندین ساڵە لە پێناو ئەو ئازادی و سەربەخۆبوونە ئەنجامتان داوە.
بە راستی ئەو ئەزموونەی ئێوە ئەزموونێكی زیندووە و سەلماندی كە هەر میللەتێك ئیرادەی سەربەخۆبوونی هەبێ هەر دەبێ رۆژێك لە رۆژان بگاتە ئەو ئامانجە.
من بە چاوێكی رێزەوە سەیری خەباتی ئێوە و گەلی باشووری سودان دەكەم ، لە هەمان كاتدا بە ئیعجابەوە سەیری جورئەتی سەركردایەتی كۆماری سودان دەكەم كە بەو پەڕی لە خۆبوردییەوە رێز لە بڕیاری گەلی باشووری گرت لەو راپرسییەی كە بۆ ئەم مەبەستە لە سەرەتای ئەمساڵدا ئەنجام دراو زیاتر لە 98% ی هاوڵاتیانی باشوور دەنگیان بۆ سەربەخۆیی دا ، بۆیە هیوادارم لە هەموو شوێنێك بەو نەفەسە بەرزە هەڵسوكەوت لەگەڵ ئیرادەی هەر میللەتێك بكرێ كە ئارەزووی سەربەخۆبوونی هەیە.
دووبارە ئەم رۆژە لە ئێوەی بەرێز و گەلی باشووری سودان پیرۆز بێت و ئامادەیی هەرێمی كوردستانیش دەردەبڕم لە پێشكەشكردنی هەر هاریكارییەك كە لە توانایدا بێت و ئومێدیش دەخوازم كە گشت پێكهاتەكانی ئەم كۆمارە بە گیانێكی پڕ لە خۆشی و شادمانی و پێكەوە ژیانی برایانە بژین .
لەگەڵ رێزدا
مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
9/7/2011
