به‌م نزیكانه‌ جىگری سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا ده‌چێته‌ كه‌ركوك

به‌م نزیكانه‌ جىگری سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا ده‌چێته‌ كه‌ركوك
سەرۆكى ئەنجوومەنى پارێزگەى كەركووك ئاشكرای كرد لە ماوەیەكى نێزیكدا جۆن بایدن جێگرى سەرۆكى ئەمەریكا سەردانى كەركووك /255 كم باكوری بەغدا/ دەكات، بەڵام ئامادە نییە لە ئێستەدا مەبەستى سەردانەك ئاشكرا بكات.

حەسەن تۆران ئەمڕۆ سێشەم بەئاژانسى كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند، جۆ بایدنی جێگری سەرۆكی ئەمەریكا لەو سەردانەى بەنیازە لە ماوەیەكى نێزیكدا بۆ عێراق ئەنجامى بدات و بەشدارى زنجیرەیەك كۆبوونەوە لە بەغدا بكات، سەردانى پارێزگەى كەركووكیش دەكات و لەگەڵ بەرپرسانى ئیداری و حزبى شارەكە كۆ دەبێتەوە.

توران زیاتر گوتى، تا ئێستە مەبەستى سەردانەكە دیار نییە، بەڵام فلتشربۆرتۆن كونسوڵی ئەمەریكا لە كەركووك دوێنێ دووشەم لە كاتی رێوڕەسمی ساڵڕۆژى سەربەخۆیى ئەمەریكا لە كەركووك، بەبىَ ئاشكراكردنى مەبەستى سەردانەكەى پێى راگەیاندین لە میانى سەردانەكەیدا بۆ بەغدا بایدن سەردانى كەركووكیش دەكات

بەڵام نەجمەددین كەریم پارێزگارى كەركووك بە(ئاكانیوز)ى راگەیاند، بەرەسمی ئاگەدار نەكراوین لە هاتنی جێگرى سەرۆكى ئەمەریكا بۆ كەركووك، تەنیا ئەوە نەبێت زانراوە كە دێتە بەغدا.

\"ئەگەر كەركووك لە بەرنامەی سەردانەكەدا بێت، زۆر گرینَگە و كاریگەرى لەسەر زۆر بوار دەبێ\"" كەریم وای گوت.

هاتنی بایدن بۆ عێراق لە كاتێدایە كە ماوەی مانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق بەرەو كۆتا دەچێت، بەڵام ناو بەناو پرسی مانەوەی ئەو هێزانە دێتە وروژان.

رێبوار تاڵەبانى جیگرى سەرۆكى ئەنجوومەنى پارێزگەى كەركووك بۆ (ئاكانیوز) دەڵێ، چەندان جار داواى مانەوەى هێزەكانى ئەمەریكامان كردووە لە شار كەركووك تا كێشەكانى نێوان بەغدا و كەركووك چارەسەر دەكرێت و پرسى مادەى 140 یەكلایى دەبێتەوە، بۆیە رەنگە ئەو سەردانەى بایدن تایبەت بەپرسی مانەوەی هێزەكان بێ.

كەركووك یەكێكە لە ناوچە كێشەدارەكانی نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی عێراق، دەكەوێتە /255 كیلۆمەتر باكورى بەغداى پایەتەختی عێراق و باری تەناهیی ناجێگیرە."
Top