پەیامی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە بارەی بۆردومانكردنی ناوچە سنورییەكان لە لایەن سوپای كۆماری ئیسلامی ئیرانەوە

پەیامی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە بارەی بۆردومانكردنی ناوچە سنورییەكان لە لایەن سوپای كۆماری ئیسلامی ئیرانەوە
بە ناوی خوای مەزن و دلۆڤان

جارێكی دیكە تۆپخانەكانی سوپای كۆماری ئیسلامی ئیران دەستیان بە بۆردمانكردنی ناوچە سنووریەكانی هەرێمی كوردستانی عیراقیان كردووە كە بە هۆیەوە زەرەر و زیانی گەیاندۆتە گوندنشین و جوتیاران و ئاژەڵداران و خەڵكی سیڤیلی ئەو ناوچانە ، هەروەها بە هۆی توندی و چری ئەو بۆردومانانە ژمارەیەك لە هاوڵاتیان ئاوارەبون و ناچاركراون لە بەر مەترسی گیان شوێنی نیشتەجێبوونیان جێبهێلن ، لە هەمان كاتدا بەردەوامی ئەو كردەوانە رەوشی ئەو ناوچانەی بە گشتی دووچاری پشێوی كردووە.

ئێمە لە كاتێكدا پرۆتستۆی ئەو بوردومانە عەشواییانە دەكەین بۆ سەر هاوڵاتیان و ناوچە سنورییەكانی هەرێم و بە كارێكی نابەجێیان دادەنێین ، پێمان وایە كە ئەو جۆرە كارانە زیان بە پەیوەندی نێوان هەرێم و كۆماری ئیسلامی ئێران دەگەیەنێت و هیچ پاساوێكیش بۆ ئەو بۆردومانە عەشواییە نییە و لە بری دروستكردنی ترس و نیگەرانی هەوڵ بدرێت بە رێگەی دیالۆگ كێشەو گیروگرفتەكان رێگە چارەی گونجاویان بۆ بدۆزرێتەوە و هەموو لایەك بگەنە ئەو بروایەی كە بە توندوتیژی و بۆردومان كردن هیچ ئامانجێك نایەتەدی.


مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
2/7/2011
Top