سەركۆمارى توركیا پێشوازى لە سەرۆكى جەهەپە و نوێنەرانى پەرلەمانتارە كوردەكان دەكات

سەركۆمارى توركیا پێشوازى لە سەرۆكى جەهەپە و نوێنەرانى پەرلەمانتارە كوردەكان دەكات
عەبدوڵا گول سەركۆمارى توركیا بەمەبەستى چارەسەركرندنى گرفتى بایكۆتكردنى و سوێندنەخواردنى یاسایی لە پەرلەمان، ئەمڕۆ پێنجشەم پێشوازى لە كەمال كڵچدارئۆغڵو و سبەى هەینى پێشوازى لە شەرافەدین ئەلچى و ئەحمەد تورك دەكات.

بەگوێرەى هەواڵێكى ئاژانسى جیهانى توركى سەركۆمارى توركیا ئەمڕۆ پێنجشەم سات 11:00 بەكاتى نێوەخۆى توركیا، بەمەبەستى چارەسەركردنى گرفتى سوێندنەخواردنى یاسایی لە پەرلەمانى ئەو وڵاتە پێشوازى لە كەمال كڵچدارئۆغڵو سەرۆكى پارتى گەلى كۆمارى دەكات.

گول سبەى هەینى سات 11:30 بەكاتى نێوەخۆى توركیا، لەبارەى هەمان گرفتەوە بەناوى پەرلەمانتارە سەربەخۆكانەوە پێشوازى دەكات لە شەرافەدین ئەلچى پەرلەمانتارى سەربەخۆى دیاربەكر و ئەحمەد تورك پەرلەمانتارى سەربەخۆى ماردین، بەگوێرەى هەمان سەرچاوە.

كڵچدارئۆغڵو پێشتر ئاماژەى بەوە دا هەتا محەمەد خەبەرئاڵ و مستەفا باڵباى كە لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەى 12 حوزەیران/یۆنیۆى ڕابردوو لەسەر لیستى پارتى كۆمارى گەل بوون بەئەندام پەرلەمان و ئێستە بەتۆمەتى ئەندامبوونیان لە گرووپێكى نهێنى بەناوى \"ئەرگەنەكۆن\"" لە گرتیگەدان ئازاد نەكرێن و سوێندى یاسایی نەخۆن، ئەوانیش سوێندى یاسایی ناخۆن.

هەروەها بارستەى ڕەنج و ئازادى كە لەلایەن پارتى ئاشتى و دیموكراسی (بەدەپە) پشتگیرى لێ دەكرێ، بەمەبەستى سەركۆنەكردنى لادانى خەتیب دیجلە پاڵاوكى هەڵبژێردراوى دیاربەكر لەلایەن دەستەى باڵاى هەڵبژاردنەكان و ئازاد نەكردنى كەمال ئاكتاش پاڵاوكى وان، ئیبراهیم ئایهان پاڵاوكى ئورفا، گولسەرەن یڵدرم پاڵاوكى ماردین، و سەلما ئرماك و فەیسەل سارى یڵدز پاڵاوكى شرناخ كە ئێستە لە گرتیگەى دیاربەكر بەتۆمەتى لایەنگرى كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) گیراون ڕێوڕەسمى سوێندخواردنى یاسایی پەرلەمانیان بایكۆت كرد كە لە 28 حوزەیران/ یۆنیۆ بەڕێوە چوو.

-AKnews"
Top