سه‌رۆكی هه‌رێم له‌ په‌یامێكیدا: به‌رده‌وام ده‌بین له‌ خزمه‌تكردنی زیاتر به‌ كه‌ركوك و هه‌موو ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان

سه‌رۆكی هه‌رێم له‌ په‌یامێكیدا: به‌رده‌وام ده‌بین له‌ خزمه‌تكردنی زیاتر به‌ كه‌ركوك و هه‌موو ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان
ئه‌مڕۆ مه‌سعود بارزانی له‌ په‌یامێكدا بۆ خه‌ڵكی شاری كه‌ركوك رایگه‌یاند: بڕیارماندا بڕێكی باش كاره‌بای هه‌رێم بدرێته‌ كه‌ركوك و له‌ ماگی داهاتووش ئه‌م بڕه‌ دوو هه‌نده‌ی لێدێت, تاراده‌یه‌كی باش پێویستی كاره‌بای شاره‌كه‌ دابین ده‌كات.

ئه‌مه‌ش ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمه‌:

بە ناوی خوای مەزن و دلۆڤان



خوشك و برایانی بەرێز



زۆر باش لە ئێش و ئازارەكانی ئێوەی خۆشەویست تێدەگەین چ لە ڕووی كارەباوە بێت یان خزمەتگوزارییەوە و ئەو ماوەیەش هەمیشە پێداگیریمان لەسەر گەیاندنی كارەبای هەرێم بۆ كەركووك كردووە و داوامان لە حكومەتی هەرێم كردووە كە بە زووترین كات برێكی كارەبای هەرێم بداتە كەركووك و ناوچە دابڕێندراوەكانی دیكە بۆ ئەوەی كەمێك لەو ئێش ئازارەی ئێوە كەم بكەینەوە تا ئەو كاتەی بە پێی ماددەی 140ی دەستوور ئەو شوێنانە هەر هەموویان دەگەڕینەوە سەر هەرێمی كوردستان.

لە هەفتەی رابردوودا و لە كۆبوونەیەكماندا لەگەڵ سەرۆك و جێگری سەرۆكی حكومەت و وەزیری كارەبای هەرێم بڕیارماندا كە وەك سەرەتا 100 مێگاوات لە كارەبای هەرێم بدرێتە پارێزگای خۆشەویستی كەركووك و ئەم بڕیارەش چووە بواری جێبەجێكردنەوە و لە سەرەتای مانگی داهاتووشدا ئەو بڕە كارەبایە دەبێ‌ بە 200 مێگاوات كە بەمەیش تا رادەیەكی باش پێویستی كەركووك لە كارەبا دابین دەكرێ‌.

ئێمە سوورین لە سەر بایەخدانی هەرێم بە پارێزگای خۆشەویستی كەركووك و بەهانا هاتنی هاونیشتیمانیانی بە تایبەتی لەو وەرزە گەرمەدا و بە دڵنیاییەوەش دەڵێم رەنگدانەوەی پرۆسەی چاكسازی زۆر بە جوانی لە پرسی كارەبای كوردستاندا بەدیاركەوتووە و ئێستا بڕی كارەبا لە هەرێم لە سەرووی 20 سەعاتە كە ئەم كارەش بە هەموو شێوەیەك جێگەی دەستخۆشیكردنە لە حكومەت بە تایبەتی وەزارەتی كارەبا و بەردەوامیش دەبین لە زیاتر كردنی خزمەتگوزاری دیكەی پێویست بە كەركووك و هەموو ناوچە دابڕێندراوەكانی دیكە.
Top