ڕۆژی دووشەم پەرلەمانی كوردستان ماف و ئیمتیازی زیندانییە سیاسییەكان تاوتوێ دەكات

ڕۆژی دووشەم پەرلەمانی كوردستان ماف و ئیمتیازی زیندانییە سیاسییەكان تاوتوێ دەكات
دووشەمی داهاتوو پەرلەمانی كوردستان لە دانیشتنی ئاساییی خۆیدا ماف و ئیمتیازی زیندانییانی سیاسی تاوتوێ دەكات.

ئارام قادر سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان بەئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی ڕاگەیاند، ڕۆژی دووشەم 20 حوزەیران/یۆنیۆ پەرلەمانی كوردستان دانیشتنی ئاساییی خۆی دەبەستێت.

ڕوونی كردەوە بەرنامەی كاری دانیشتن لە 2 خاڵ پێك هاتووە، خاڵی یەكەمیان خوێندنەوەی دووەم و گفتوگۆكردن لەبارەی پڕۆژەیاسای توندوتیژیی خێزان كە ماوەی ساڵێكە لە پەرلەمانی كوردستاندایە.

هەروەها گوتی خاڵی دووەمیش پڕۆژەیاسای ماف و ئیمتیازی زیندانییە سیاسییەكانی كوردستانە كە لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە ئاراستەی پەرلەمان كراوە و گفتوگۆی لەسەر دەكرێت.

زیندانییانى سیاسیی هەرێمى كوردستان زیاتر بەو كەسانە دەگوترێ كە لە سەردەمى رێژیمى لێخراوى بەعسدا (1968-2003) بەهۆكارى سیاسی گیراون، بەڵام ئەو كەسانە ناگرێتەوە كە لە دوو دەیەى رابردوودا بەهۆكارى سیاسی و بەهۆى ململانەى حزبە سیاسییەكانى هەرێمەوە گیراون.

ماوەى چەند ساڵێكە كۆمكارى زیندانییانى سیاسیی كوردستان سكاڵا دەكەن لەوەى مووچە و ئیمتیازەكانیان كەمترە لەوەى زیندانییانى سیاسیی عێراق لە پارێزگەكانى ترى عێراق وەریدا دەگرن، بەرپرسانى هەرێم تۆمەتبار دەكەن بەوەى بەشێك لە مووچەكەیانى بڕیوە، بەرپرسانى هەرێمیش ئەو تۆمەتە رەت دەكەنەوە.
Top