داوای پەشیمانكردنەوەى كوردەكان لە \"دەوڵەتی كوردی\"" لە ئەمەریكا دەكرێ"

داوای پەشیمانكردنەوەى كوردەكان لە \
شارەزایەكی ئەكادیمی و سیاسیی ئەمەریكایی لە بواری تەناهیی عێراق و كوردستان پێی وایە ئەمەریكا و هاوپەیمانانی بۆ بەرەو پێشچوونی بەرنامە و سیاسەتەكانیان لە رۆهەڵاتی ناوەڕاست، پێویستییان بەپەرەپێدانی هەرچی زیاتری هەرێمی كوردستان وەك هاوپەیمانێك هەیە، بەڵام پێویستە ئەمەریكا كوردەكان لە بوونە دەوڵەتی كوردی پەشیمان بكاتەوە.

مێگان ئۆساڵیڤان مامۆستای زانكۆ بۆ پرسە نێودەوڵەتییەكان لە زانكۆی (هاروارد كێنێدی)ی ئەمەریكایی بەتۆڕی دەنگوباسی (بلوومبێرگ)ی نێودەوڵەتی راگەیاند، پێویستە ئەمەریكا و ئەوروپا لە پێناو پێشخستنی زیاتری رۆڵی خۆیان لە رۆهەڵاتی ناوەڕاست، گەشەى زیاتر بەهەرێمی كوردستان بدەن و ئاگەداری بن، چونكە كوردەكان توانای سەرخستنی سیاسەتی ئەمەریكا و ئەوروپایان لە ناوچەكەدا هەیە.

ئۆساڵیڤان كە پێشتریش جێگری بەرپرسی تەناهیی نێودەوڵەتی بۆ عێراق و ئەفغانستان بووە گوتی، مێژووی كوردەكان لە رۆهەڵاتی ناوەڕاست كە 30 ملیۆن كەس دەبن و زۆربەیان مسوڵمانن، جیاوازیی ئاینی و نەژادییان لەگەڵ عەرەب، فارس و توركەكاندا هەیە و بۆ دەستەبەریی ئۆتۆنۆمی و تەنانەت سەربەخۆیی شەڕی زۆریان كردووە.

زیاتر گوتی، پێویستە ئەمەریكا و هاوپەیمانانی روو لە كورد بكەن، چونكە ئەوە لە بەرژەوەندیی هەموویاندا دەبێ، كوردەكان كەوتوونەتە بەشێك لە رۆهەڵاتی ناوەڕاست كە هاوپەیمانانی ئەمەریكا دەوروپشتیان گرتوون، ئەمەریكا بۆ نێزیكەى 10 ساڵ ناوچەى دژەفڕینی لەسەر باكوری عێراق دانا كە شوێنی كوردەكانی هەرێمە، ئێستەش كوردەكان پێشوازیی لە وەبەرهێنانەكانی ئەمەریكا و رۆئاوا دەكەن.

ئۆساڵیڤان هەروەها ئاماژەى كرد، كوردەكانی عێراق كاریگەریی سیاسییان بەسەر ئەو وڵاتە، توركیا و سووریادا هەیە و لە بواری ئابووریش رۆڵی خۆیان گێڕاوە و پێویستە ئەمەریكا وەك دۆستێكی نێزیك پشتیان پێ ببەستێ، كوردەكانی عێراق رۆڵی سەرەكییان لەو وڵاتەدا هەیە، بۆیە پێویستە ئەمەریكا رێگە لە هەوڵەكانی كورد بۆ بوون بە دەوڵەتی كوردی بگرێ و لە بوونە دەوڵەت پەشیمانیان بكاتەوە.


-ئاكانیوز
Top