سەرۆكی ھەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی سیاسەتمەدارانی كوردی توركیا دەكات
لە دیدارێكدا ، شاندی سیاسەتمەدارانی كوردی توركیا باسێكی هەمەلایەنەیان پێشكەشكرد دەربارەی بارودۆخی كورد لە توركیا لە سایەی پێشهات و گۆڕانكارییەكانی ناو توركیا و ئایندەی پرۆسەی سیاسی و دیموكراسی پاش هەڵبژاردنەكانی رۆژی 12/6 و لەم رووەوە هەوڵەكانی حكومەتی توركیایان لەو بوارەدا بەرزنرخاندو بە پێویستیان زانی گەلی كورد لە توركیادا هەڵسوكەوتێكی ئیجابی لەگەڵ ئەو گۆڕانكارییانەدا بكات و بواری دیالۆگ و گفتوگۆ هەمیشە كراوە بێت بە ڕووی حكومەت و پارتە سیاسییەكانی توركیادا.
هەر لە دیدارەكەدا ، بەستنی كۆنفرانسێكی بەر فراوانی كوردستانی خرایە بەرباس و لەم رووەوە وا بە باش زانرا كە كۆنفرانسەكە لەمساڵدا ببەسترێ.
سەرۆك بارزانی پشتیوانی خۆی دەربڕی بۆ بەستنی ئەو كۆنفرانسە و رایگەیاند كە بەستنی ئەو كۆنفرانسە یەكێكە لە بەرنامە ئەساسیەكانی ئێمە بۆ ئەوەی گوتارێكی یەكگرتووی كوردی لێ دەربچێت كە ئەویش گوتاری ئاشتییە.
هەروەها سەرۆك بارزانی تەئكیدی لەوە كردەوە كە كۆنفرانسەكە لە لایەن دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانەوە رێك دەخرێ و بۆ خۆ ئامادەكردنیش بۆ ئەو كۆنفرانسە پێویستە لیژنەیەكی هاوبەش بە رێككەوتنی هەموو پارچەكان پێك بێت و لە كۆبوونەوەكانیشدا پێویستە بەرنامەی كۆنفرانسەكە رێك بخات و ئەو كەسایەتیانە دەستنیشان بكات كە ئامادەی كۆنفرانسەكە دەبن ، ئەمە بێجگە لە نوێنەرانی پێكهاتە جیاجیاكانی كوردستان.
سەرۆك بارزانی ئەوەشی خستەڕوو كە ئێستا هەلومەرجێك لە ئارادایە كە كورد پشتیوانی دەكرێت لە كۆڕو كۆمەلەكانی نێودەوڵەتی ، بۆیە دەبێت هێزە كوردستانییەكان ئەو دەرفەتە رەخساوە بە باشی بەكار بهێنن و سوودی لێ وەربگرن بۆ خزمەتكردنی بنەماكانی پێكەوە ژیان و تەبایی و برایەتی لە نێوان كورد و گەلان كە ئەمەش خزمەت بە ئاشتی و ئاسایش و ئارامی ناوچەكە و جیهانیش دەكات ، هیچ گیروگرفت و كێشەیەك بە شەڕ چارەسەر ناكرێ بەڵكو بە دیالۆگ ، سەردەمی چەك بۆ كورد و غەیرە كورد بەسەرچووە ، تۆ دەتوانی بە تفاق و سیاسەتێكی دروست زۆر شت بەدەست بێنی و ئەو تفاقەش بە دوو شت دێتە ئەنجام یەكەمیان چەتری نەتەوەییە نەك حزبی و دووەمیشیان پەیرەوكردنی سیاسەتێكی ئاشتیانەیە كە دەكرێ بەهۆیەوە ویست و داواكانی خۆت بەشێوەیەكی سیاسی بخەیتە ڕوو.
ئەمەو لە كۆتایی دیدارەكەشدا ، سەرۆك بارزانی رووناكی خستەسەر گرنگیی بەهێزبوونی پەیوەندیی نێوان كورد و تورك لە هەموو ئاستەكان ، ئەو پێشكەوتنانەشی لە دیموكراسیدا لە توركیا بەدی دەكرێت بە خاڵی هاندەر وەسفكرد بۆ پتەوبوونی ئەو پەیوەندییانە و داوای لە ئامادەبووان كرد كە سوود لەو كەشوهەوایە وەربگرن بۆ بەدەستهێنانی مافە دیموكراسییەكانی كورد لە توركیادا و هانیشیدان كە تا دیموكراسی لە توركیادا بەرەوپێش بچێت و پایەی خۆی دابكوتێ مەسەلەی كوردیش پێشدەكەوێ و پشتیوانی و هاوسۆزیشی زیاتر دەبێت.
