هیومەن رایتس وۆچ داوای لادرانی وەزیری پێشمەرگەى هەرێم دەكا ئەگەر دەركەوت هەڕەشەی كردووە
سارا لی ویستن، بەڕێوەبەری بەشی رۆهەڵاتی ناوەڕاستی هیومەن رایتس وۆچ گوتی، هێزە تەناهییەكانی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی روو لە زیاد هێرش دەكەنە سەر ئازادییەكانی كاركردنی رۆژنامەنووسان و پێویستە بەرپرسانی هەرێم كۆتایی بەسەركوت و پێشێلی مافەكانی رۆژنامەنووسان بێنن.
لەو راپۆرتەدا كە ئەمڕۆ لە ماڵپەڕی رێكخراوەكەدا بڵاو بووەتەوە، هاتووە، دەسەڵاتدارانی هەرێم چەندان جار هەوڵیان دا كۆواری لڤین و مێدیاكانی تر بێ دەنگ بكەن و دەسەڵاتداران بەچەندان شێوەى رووبەڕووی دەنگی ئەو كۆوارە بوونەتەوە، بەڵام پێویستە كۆمەڵگەى نێودەوڵەتی سەركۆنەی ئەو دۆخە بكا.
سارا لی ویستن گوتی، لەگەڵ شەپۆلی گۆڕانكارییەكانی ناوچەكەدا، دەسەڵاتدارانی هەرێم هەوڵی بێدەنگكردن و تۆقاندنی رۆژنامەگەریی رەخنەئامێز دەدەن، داوای یاسایی لەسەر راگەیاندنی رەخنەئامێز، تەنیا هەوڵێكی حكوومەتی هەرێمە بۆ حەشاردان و سزادانی رەخنەگران.
راپۆرتەكە ئاماژە بەپرسی هەڕەشەى جەعفەر شێخ مستەفا وەزیری پێشمەرگە لە ئەحمەد میرە سەرنووسەری كۆواری لڤین دەكا و داوا لە حكوومەتی هەرێم دەكا لەوبارەیەوە لێكۆڵینەوە بكا و ئەگەر دەركەوت كە هەڕەشەكە كراوە، پێویستیە وەزیری پێشمەرگەى هەرێم لە پۆستەكەى لا ببرێ و لە دادگە بدرێ.
ئەو راپۆرتە وردەكاریی زیاتری لەسەر دۆخی رۆژنامەگەریی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان بڵاو كردووەتەوە كە بەشێوەیەكی گشتی تانەی لێ دەدا و پێی وایە هەرێمی كوردستانی شیاوی دۆخی باشترە.
-ئاكانیوز
