مادده‌ی یه‌كه‌م له‌پرۆژه‌ی بودجه‌ی گشتی هه‌رێم تاوتوێ ده‌كرێت

مادده‌ی یه‌كه‌م له‌پرۆژه‌ی بودجه‌ی گشتی هه‌رێم تاوتوێ ده‌كرێت
سه‌عات 11ی پێشنیوه‌رۆی ئه‌مرۆ 24/5/2011 په‌رله‌مانی كوردستان به‌سه‌رۆكایه‌تی دكتۆر كه‌مال كه‌ركوكی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و ئاماده‌بوونی شێروان حه‌یده‌ری سكرتێری كاتی په‌رله‌مان، دانیشتنی ژماره‌ (19)ی ئاسایی خولی گرێدانی دووه‌م له‌ساڵی دووه‌می خولی سێیه‌می هه‌ڵبژاردنی به‌رێوه‌برد.

له‌دانیشتنه‌كه‌دا، كه‌ به‌ئاماده‌بوونی وه‌زیرانی دارایی و پلاندانان و بریكاری وه‌زاره‌تی دارایی حكومه‌تی هه‌رێم به‌رێوه‌چوو، سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌رنامه‌ی كاری خوێنده‌وه‌، كه‌ به‌رده‌وامبوون بوو له‌سه‌ر خستنه‌روو گفتوگۆكردنی پرۆژه‌ یاسای بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستانی عیراق بۆ ساڵی 2011.

دواتر له‌لایه‌ن لیژنه‌كانی یاسایی و دارایی په‌رله‌مانه‌وه‌ مادده‌ی یه‌كه‌می پرۆژه‌ یاسای بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستانی عیراق بۆ ساڵی 2011 خوێندرایه‌وه‌، كه‌ له‌دوو برگه‌دا خه‌رجی و كورتهێنانی بودجه‌ی ئه‌مساڵ هاتووه‌، سه‌رۆكی په‌رله‌مان ده‌رگای گفتوگۆكردنی كرده‌وه‌ و په‌رله‌مانتاران تێبینی و بۆچوونی خۆیان له‌باره‌ی مادده‌كه‌ خسته‌روو.

به‌هۆی زۆری ژماره‌ی په‌رله‌مانتارانیشه‌وه‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان گفتوگۆكانی دانیشتنه‌كه‌ی دواخست بۆ سه‌عات 7ی ئێواره‌ی ئه‌مرۆ 24/5/2011 بۆ ته‌واوكردنی گفتوگۆكانی مادده‌ی یه‌كه‌م.
Top