سەرۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی نێردەی یەكێتی ئەوروپا بۆ پاڵپشتی یاسا دەكات

سەرۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی نێردەی یەكێتی ئەوروپا بۆ پاڵپشتی یاسا دەكات
ئەمرۆ سێشەممە 24/5/2011 بەرێز مسعود بارزانی سەرۆكی هه‌رێمی كوردستان لە سەڵاحەدین پێشوازی لە شاندێكی نێردەی یەكێتی ئەوروپا بۆ پاڵپشتی یاسا كرد.

لە دیدارەكەدا ، بەرێز تۆماس سیڤن بەرپرسی نووسینگەی هەولێری نێردەی یەكێتی ئەوروپا بۆ پاڵپشتی یاسا ، پوختەیەكی لە بارەی كاروچالاكیەكانی نووسینگەكەیان خستەڕوو كە بە هاوكاری لەگەڵ وەزارەتەكانی داد و ناوخۆ و كاروكاروباری كۆمەڵایەتی و پلاندانان و ئەنجومەنی دادوەری بە مەبەستی پاڵپشتی كردنی سەروەری یاسا ئەنجامی داوە. هاوكات ئەوەشی خستەڕوو كە بوونی پەیمانگەی دادوەری لە هەرێمی كوردستان پێویستیەكی هەنووكەییە بۆ دەرچواندنی دادوەری بە تواناو ئەكادیمی و هەروا ئاماژەی بەوەكرد كە لە بارەی چۆنیەتی كاراكردنی رۆڵی داواكاری گشتی و باشتر چەسپاندنی یاسا لە هەماهەنگیدان لەگەڵ هەر دوو وەزارەتی داد و ناوخۆی هەرێمی كوردستان.

سەرۆك بارزانی ، وێرای خۆشحاڵی دەربڕین بە دیداری شاندەكە ، پاڵپشتی خۆی بۆ ئەو كاروچالاكیانەی شاندەكە دووپاتكردەوە و هیوای خواست پەیوەندی بەردەوامیان لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندارەكاندا هەبێت لە پێناو زیاتر پێشخستنی سیستەمی دادوەری و چەسپاندنی یاسا و سوودوەرگرتن لە ئەزموونی وڵاتانی شارەزا لەو بوارەدا و هەروەها پاراستنی سەربەخۆیی قەزا و تەئكیدی لەوەكردەوە كە پێویستە لە جێبەجێكردنی یاسادا رێز لە هاوڵاتی بگیرێ‌ و زیندانیەكانیش ببنە مەڵبەندی چاكسازی و ئامادەیی خۆیشی نیشاندا لە دابینكردنی پێداویستیەكانی ئەنجومەنی قەزا و وەزارەتی داد بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی كاریگەر كارەكانیان ئەنجام بدەن و كەسیش لە سەرووی یاساوە نەبێت .
Top