سەرۆكی هه‌رێمی كوردستان لەگەڵ قائیمقام و بەرێوەبەری پۆلیس و بەرپرسانی بەشەكانی هێزی ناوخۆی سنووری هەڵەبجە كۆدەبێتەوە

سەرۆكی هه‌رێمی كوردستان لەگەڵ قائیمقام و بەرێوەبەری پۆلیس و بەرپرسانی بەشەكانی هێزی ناوخۆی سنووری هەڵەبجە كۆدەبێتەوە
یەك شەممە 22/5/2011 بەرێز مسعود بارزانی سەرۆكی هه‌رێمی كوردستان لەگەڵ قائیمقام و بەرێوەبەری پۆلیس و بەرپرسانی بەشەكانی دیكەی هێزی ناوخۆی سنووری هەڵەبجە كۆبووەوە.

لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا قائیمقامی هەڵەبجە رووداوەكانی ئەم دواییەی هەڵەبجەو چۆنیەتی رەفتاركردنی هێزەكانی ناوخۆ بەرامبەر ئەو رووداوانە خستەڕوو و تەئكیدی لەوەكردەوە كە سەرەرای شەهید و برینداربوونی زیاتر لە 75 ئەفسەرو دەرەجەداری هێزەكانی ناوخۆ بەڵام ئەو هێزانە توانیان سەروماڵی خەڵكی و دامودەزگاكانی حكومی و حزبی دەڤەرەكە بپارێزن و بەو پەری نەرمیەوە رەفتار لەگەڵ رووداوەكان بكەن.

هەروا بەرێوەبەری پۆلیسی هەڵەبجە ئەمەی خستەڕوو كە بەرامبەر ئەو رەفتارە نەرمیەیان لە لایەن لیژنەی بەدواداچوونی رووداوەكان سوپاسكراون كە ئەمەیش شانازییە بۆ هەموو هێزەكانی ناوخۆی دەڤەرەكە. قائیمقامی هەڵەبجە لە دوا وتەیدا داوای لە سەرۆك بارزانی كرد كە چۆن هەمیشە خەمخۆری دەڤەرەكە و خانەوادەی قوربانیانی بووە ئەوهاش پشتگیری لەوە بكات كە هەڵەبجە بكرێتە ئیدارەیەكی سەربەخۆ.

سەرۆك بارزانی وێرای بەخێرهێنانی ئامادەبووان ، سوپاسی قائیمقام و هێزەكانی ناوخۆی دەڤەرەكەی كرد لەسەر ئەدای سەركەوتوویان و رایگەیاند كە بەو پەڕی سەركەوتووییەوە توانیتان نمونەیەكی جوان نیشانی خەڵكی كوردستان بدەن و پێویستە حكومەت تەقدیری ئەم ئەدایەتان بكات ، چونكە زۆر مەسئولانە رەفتارتان لەگەڵ رووداوەكان كردو ئەم رۆڵەی ئێوەش قەت لە بیرناكرێ‌.

سەبارەت بە وەزعی هەڵەبجەش ، سەرۆك بارزانی رایگەیاند كە هەڵەبجە وەزعێكی تایبەتی هەیە و هەر ئەم دەڤەرە بوو كە بووە كلیلی كردنەوەی دەرگاكان لە بەردەم گەلی كوردستاندا و مەسەلەی كوردیشی بردە قۆناغێكی دیكەوە ، بۆیە هەقی خۆیەتی داوای ئیدارەیەكی سەربەخۆ بكات و بەڵێنیشمان داوە و هەوڵی جێبەجێ كردنیشی دەدەین و لە رووی خزمەتگوزارییەوەش دەبێ‌ دەڤەرێكی نموونەیی بێ‌ و لە هەوڵی ئەوەش داین كە بە هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی فیدراڵدا قەرەبووی خانەوادەی قوربانیانی هەڵەبجە بكەین.
Top