سەرۆكی هه‌رێمی كوردستان لەگەڵ ژمارەیەك لە قوتابیانی زانكۆی سلێمانی كۆدەبێتەوە

سەرۆكی هه‌رێمی كوردستان لەگەڵ ژمارەیەك لە قوتابیانی زانكۆی سلێمانی كۆدەبێتەوە
یەك شەممە 22/5/2011 بەرێز مسعود بارزانی سەرۆكی هه‌رێمی كوردستان لە سەڵاحەدین لەگەڵ ژمارەیەك قوتابی زانكۆی سلێمانی كۆبووەوە .

لە كۆبوونەوەكەدا قوتابیانی ئامادەبوو ، چەند زانیارییەكی پێویستیان پێشكەش بە سەرۆك بارزانی كرد سەبارەت بە رەوشی خوێندن لە زانكۆی سلێمانی و كێشەو ئەگەرەكانی و چۆنیەتی چارەسەركردنیان بەشێوەیەك كە لە بەرژەوەندی قوتابیان و هاندەرێك بن لە پێشخستنی ئاستی خوێندن لەو زانكۆیەدا.

هەر لە كۆبوونەوەكەدا چەند كێشەوگرفتێكی پارێزگای سلێمانی خرایەڕوو ، بە تایبەتی لە رووی رۆشنبیری و كۆمەڵایەتیەوە كە پێویستیان بە چارەسەركردنە.

تاوتوێكردنی رووداوەكانی ئەم دواییەی پارێزگای سلێمانی و واقیعی سیاسی پارێزگاكە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو و لەم رووەوە هەر یەك لە ئامادەبووان ڕاو سەرنجی خۆی پێشكەش بە سەرۆك بارزانی كرد.

سەرۆك بارزانی وێرای سوپاسكردنی ئامادەبووان لە خستنەڕووی گیروگرفتەكان بە شێوەیەكی راشكاوانە تەئكیدی لەسەر گرنگی رۆڵی قوتابیان و لاوان كرد لە پێشخستنی كۆمەڵگەی كوردەواری و رایگەیاند كە ئایندە و دوا رۆژی میللەت بە دەست گەنجەكانەوەیە و ئاماژەشی بەوەكرد كە هەمیشە پشتگیری لە لاوان و گەنجانی كوردستان دەكات و سەبارەت بە شاری سلێمانیش رایگەیاند سلێمانی هەمیشە لە دڵی ئێمە دایە و رۆڵی ئەو شارەش لە بزوتنەوەی رزگارێخوازی گەلی كوردستاندا قەت لە بیر ناكرێ‌ و هەمیشە لەبەر چاوانە و چەندیش بۆ ئەو شارە بكرێ‌ كەمە .

ئێمە دەستمان بە بەرنامەیەكی فراوانی چاكسازی كردووە و بەردەوامیش دەبین لەسەری و بە هیچ شێوەیەكیش بوار بەوە نادەین یەكریزی گەلەكەمان درزی تیا بكەوێ‌ چونكە هێزی گەلەكەمان لە یەكبوونیدایە و هەموو هەوڵێكیش دەخەینە گەڕ بۆ نەهێشتنی گیروگرفتەكان.
Top