كۆبوونەوە 5 قۆڵییەكەی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن لە كۆتای ئەم هەفتە یان سەرەتای هەفتەی داهاتوو دەبێ
سەعدی پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بەئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز) ڕای گەیاند، پێدەچی دووشەم یا سێشەم، لەوانەشە كۆتای ئەم هەفتەیە ئەگەر ئەوەش نەبێ سەرەتای هەفتەی داهاتوو (پارتی و یەكێتی) وەك لایەنی دەسەڵات و (گۆڕان، یەگرتوو، كۆمەڵ) وەك هەرسێ لایەنی ئۆپۆزسیۆن كۆ ببنەوە.
زیاتر گوتی \"لەو كۆبوونەوەیەدا ئەو خاڵانەی هاوبەشن كۆ دەكرێنەوە و ئەو خاڵانەشی جیاوازن جیا دەكرێنەوە بۆ ئەوەی لەبارەی خاڵە جیاوازەكانەوە گفتوگۆ بكەن تا دەگەنە ئەنجامێكی گشتگیر\"".
محەمەد تۆفیق رەحیم گۆتیاری بزووتنەوەی گۆڕان بە(ئاكانیوز)ی گوت، هەریەكە لە حزبەكانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن هاوڕان لەسەر ئەنجامدانی كۆبوونەوەی پێنج قۆڵی بەڵام كاتەكەی تا ئێستە دیاری نەكراوە، ئەو هەواڵانەشی لەسەر كاتی كۆبوونەوەكانە هێشتا هەر قسەیە، ئەوەش دیاری نەكراوە كە ئایا سەرۆكی پارتەكانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن كۆ دەبنەوە یاخۆ تەنیا ئەندامانی مەكتەبی سیاسی\"".
لای خۆیەوە محەمەد حەكیم ئەندامی مەكتەبی سیاسیی كۆمەڵی ئیسلامی بە(ئاكانیوز)ی ڕاگەیاند، پێدەچێ كۆتای ئەم هەفتەیە یان سەرەتای هەفتەی داهاتوو كۆبوونەوەی 5 قۆڵیی نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن بەڕێوە بچێ.
ئەوەشی گوت \""ئاگەدار كراوینەتەوە وەك ئۆپۆزسیۆن كات و شوێنی ئەنجامدانی ئەو كۆبوونەوەیە دیاری بكەین، بەڵام هەوڵ دەدەین چەند كۆبوونەوەیەكی ناوەخۆیی لەنێو پارتەكانی ئۆپۆزسیۆندا ئەنجام بدەین بۆ ئەوەی لەسەر بەرنامەی كاری خۆمان بەتەواوی رێك بكەوین تاوەكو كۆبوونەوەی 5 قۆڵی ئاسانتر بێ\"".
باسی لەوەش كرد \""نەمبیستووە سەرۆك یان سكرتێر یان ئەمیندار یان ئەمیری پارتەكان مەرج بێ لەو كۆبوونەوە 5 قۆڵییەدا ئامادە بن، بگرە پێدەچێ ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی پارتەكان لە كۆبوونەوەكەدا بەشدار بن\"".
سێشەمی رابردوو مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كورستان لە پەیامێكدا داوای لە سەرجەم لایەنە سیاسییەكان كرد بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و دیالۆگی بێ مەرج و لە روانگەی هەستكردن بە بەرپرسیارێتیی مێژووییی خۆیان رەفتار بكەن و لاپەڕەیەكی نوێ لە پێوەندیی نێوانیان هەڵبدنەوە و بەهاوكاریی یەكتر بگەنە چارەسەرێكی گونجاو بۆ ئەو كێشە و گیروگرفتانەی كە هەن.
لەلای خۆیانەوە لێژنەی هاوئاهەنگیی هەرسێ لایەنی ئۆپۆزسیۆن شەوی چوارشەمی رابردوو لە بارەگای سەرەكیی بزووتنەوەی گۆڕان لە شاری سلێمانی كۆ بوونەوە بەمەبەستی تاوتوێكردنی دەستپێكردنەوەی گفتوگۆ لەگەڵ دەسەڵاتدا، دواتریش لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئامادەییی خۆیان بۆ بەشداریكردن لە گفتوگۆ چاوەڕوانكراوەكاندا پێشان دا بەو پڕۆژەیەی كە هەیانە.
لە دوای دەستپێكردنی خۆپێشاندانەكانی 17ی شوبات/فێبرایەری رابردوو لە سلێمانی و دەوروبەری، گرژی و ئاڵۆزی كەوتە نێوان لایەنەكانی دەسەڵات (پارتی و یەكێتیی) لەگەڵ لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن (گۆڕان و یەكگرتوو كۆمەڵی ئیسلامی)، هەردوو لایەنی دەسەڵات لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆنیان بەهۆكار و لە پشت خۆپیشاندانەكانەوە ناو برد."
