راگەیێندراوێک لە ئاژانسی پاراستنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە، لە بارەی تەقینەوەکانی ئەمرۆی کەرکوک

راگەیێندراوێک لە ئاژانسی پاراستنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە، لە بارەی تەقینەوەکانی ئەمرۆی کەرکوک
بە داخەوە ئەمرۆ رێکەوتی ١٩/٥/٢٠١١ ، دیسان دەستی نەگریسی تیرۆر، شاری کەرکوکی خەڵتانی خوێن کرد و لە سێ تەقینەوەی جیادا چەندین ئەفسەر و کارمەندی ئاسایش و پۆلیس و چەندەها هاوڵاتی شەهید و بریندار بوون و بارێکی ناجێگیر باڵی بەسەر ئەم شارەدا کێشا.

ئێمە لە کاتێکدا ئەم کردارە نامرۆڤانەیە مەحکوم و ریسوا دەکەین، پرسە و سەرەخۆشیمان ئاراستەی خانەوادەی شەهیدان دەکەین و لە خوای گەورە دەپارێینەوە کە جێگەی شەهیدان بەهەشتی بەرین بیت و ئومێدی هەرچی زووتر چاکبوونەوەش بۆ برینداران دەخوازین.
بەداخەوە وا بۆ چەندین جارە ئەم جۆرە هێرشانە لە کەرکوک دوبارە دەبنەوە و ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە کەلێن و کەموکوری لە رێکارە ئەمنیەکانی ئەمشارەدا هەیە و هۆکارە سیاسیەکانیش رێگر بوونە لە لابردنی ئەو کەلێنانە. بۆیە داواکارین هەرچی زووتر بە هەماهەنگی و هاوکاریی حکومەتی هەرێم و ئیدارەی کەرکوک و حکومەتی فیدرالی عێراق، رێکاری پێویست بگیرێتە بەر بۆ چارەسەریی هەموو ئەو کێشانەی، کە کاریگەریی سلبییان لە سەر باری ئاسایشی ئەم شارە خۆشەویستە هەیە.

لەم چوارچێوەیەشدا، داوا دەکەین کە هەرچی زووتر گشت لایەنە پەیوەندارەکان بە باری ئاسایشی کەرکوک، کۆببنەوە تا کو بەپەلە هەنگاوی پێشگیری بگیرێنەبەر و رێگە لە تەشنەکردنی زیاتری ناسەقامگیریی باری ئەمنیی ئەم شارە بگیرێت و چیتر هاوڵاتیان نەبنە قوربانیی. هەروەها داوا لە گشت هاوڵاتیانی خۆشەویستی کەرکوک دەکەین کە لە پێناو سەقامگیریی ئارامیی شارەکەیان هاوکاریی زیاتری دامودەستگا ئەمنیەکانی شارەکەیان بکەن و بە پێدانی زانیاری بەشدار بن لە گەراندنەوەی ئاسایش و ئارامی بۆ شارەکەیان.


ئاژانسی پاراستنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان
١٩/٥/٢٠١١
Top