سەرۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی لە نوێنەری تایبەتی ئەمینداری گشتی یوو ئێن لە عیراق دەكات

سەرۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی لە نوێنەری تایبەتی ئەمینداری گشتی یوو ئێن لە عیراق دەكات
ئەمرۆ چوارشەممە 18/5/2011 بەرێز مسعود بارزانی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان لە سەڵاحەدین پێشوازیكرد لە بەرێز ئاد مێلكەرت نوێنەری تایبەتی ئەمینداری گشتی un لە عیراق و شاندێكی یاوەری.

لە دیدارێكدا ، هەر دوولا بیروبۆچوونیان ئاڵوگۆڕكرد سەبارەت بە كۆمەڵێ‌ پرسی گرنگ كە پەیوەستن بە رەوشی ئەمرۆی عیراق و هەنگاوەكانی تەواوكردنی پێكهاتەی حكومەتی فیدراڵ و دیاریكردنی وەزیرانی پۆستە وەزارییە ئەمنییەكان و ئەنجومەنی باڵای سیاسەتە ستراتیژییەكان و هەر دوولا تەئكیدیان كردەوە لەسەر پەلەكردن لەو كارانە لە پێناو هاتنەكایەی حكومەتێكی فیدراڵ كە ئەركەكانی راپەڕێنێت و بەرنامەكانی بێنێتەدی.

هەر لەو دیدارەدا ، پرۆسەی تایبەت بە جێبەجێكردنی ماددەی 140 و كاری ئایندەی یۆنامی سەبارەت بەو پرۆسەیە و هەروا پرسی مانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا پاش ساڵی 2011 و پرسی پاراستنی ئەمنیەتی ناوچە دابڕێندراوەكان لە لایەن هێزەكانی هاوبەشەوە تاوتوێكران و لەم رووەوە تەئكید لەسەر زیاتر چەسپاندنی هێمنی و ئارامی و چارەسەركردنی كێشەكانی ئەو ناوچانەكرایەوە بە پێی دەستوور .
Top