سەرۆكی ھەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی باڵای پارێزگای سەڵاحەدین دەكات
لە سەرەتای دیدارەكەدا ، شێخ شەعلان ئەلكرەیم وێرای ئاماژەكردن بە پەیوەندی مێژوویی نێوان دانیشتوانی پارێزگای سەڵاحەدین و قەزای سامەراو هەرێمی كوردستان ، تەئكیدی لە پێویستی پەرەپێدانی ئەو پەیوەندییانە كردەوە و ستایشی فیدراڵیەتەكەی هەرێمی كوردستانی كردو رایگەیاند كە پەیرەوكردنی ئەو سیستەمە سەركەوتنێكی گەورەی لە هەرێمی كوردستان وەدەستهێناو دانیشتووانی پارێزگای سەڵاحەدینیش چاویان لەوەیە كە پەیرەوی ئەو سیستەمە بكەن و لەمەشدا پێویستیان بە پشتگیری سەرۆك بارزانی و خەڵكی كوردستان هەیە.
شێخ شەعلان ئەلكرەیم ئەو كێشەوگیروگرفتانەشی خستەڕوو كە پارێزگای سەڵاحەدین بەدەستیانەوە دەناڵێنێ و لەم رووەوە ئاماژەی بەو سیاسەتە پشتگوێخستنەكرد كە لە بەرامبەر پارێزگای سەڵاحەدیندا پەیرەودەكرێ و ستایشی رۆڵی سەرۆك بارزانی كرد لە چارەسەركردنی كێشەكانی عیراق و پیادەكردنی سیاسەتی ئاشتەوایی نیشتمانی كە بووە هۆی ئەوەی هەموو خەڵكی كوردستان لە دەوروبەری سەركردایەتی خۆیان كۆببنەوە و ئەم سەركەوتنە وەدەست بێنن كە ئەمرۆ دەیبینین.
سەرۆك بارزانی وێرای بەخێرهێنانی شاندی میوان ، تەئكیدی لەسەر پەیوەندییە مێژووییەكانی نێوان هەر دوولا كردەوە و لەم رووەوە ئاماژەی بە هەڵوێستی پۆزەتیڤانەی هەندێ كەسایەتی سیاسی و عەسكەری پارێزگای سەڵاحەدین و قەزای سامەرا كرد لە شۆڕشی ئەیلوولدا.
سەبارەت بە پەیرەوكردنی سیستەمی فیدراڵیش لە پارێزگای سەڵاحەدیندا ، سەرۆك بارزانی روونیكردەوە كە ئەو وڵاتانەی پەیرەوی سیستەمی فیدراڵیەتیان كردووە توانیویانە بەسەر كێشەكانی خۆیان زاڵبن ، بوونی چەند هەرێمێكی فیدراڵی لە بەرژەوەندی مەركەز دایە نەك بە پێچەوانەوە ، بەڵام هەندێ خەڵك تا ئێستا بە هەڵە لە چەمكی فیدراڵیەت تێدەگەن كە وانییە.
بۆیە ئەم داوایەی پارێزگای سەڵاحەدین داوایەكی رەوایە و دەستووری عیراقیش ئەو مافەی داوەتە هەموو پارێزگاكان و لەم روانگەیەوە بە هەموو توانامانەوە پشتگیری لێ دەكەین و هەوڵیش دەدەین كێشەو گیروگرفتەكانی ئەو پارێزگایەش بەشێوەیەكی یاسایی بێنە چارەسەركردن.
