سەرۆكی ھەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی باڵای پارێزگای سەڵاحەدین دەكات

سەرۆكی ھەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی باڵای پارێزگای سەڵاحەدین دەكات
بەرێز مسعود بارزانی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان لە سەڵاحەدین پێشوازیكرد لە شاندێكی باڵای پارێزگای سەڵاحەدین كە پێكهاتبوو لە بەرێزان شێخ شەعلان ئەلكرەیم ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و یەكێك لە شێخە گەورەكانی قەزای سامەرا و ئەحمەد عەبدوڵلا ئەلجبوری پارێزگاری سەڵاحەدین و عەممار یوسف سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگاو هەروا سەرۆكی ئەنجومەنی قەزای سامەراو ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین و قەزای سامەرا.

لە سەرەتای دیدارەكەدا ، شێخ شەعلان ئەلكرەیم وێرای ئاماژەكردن بە پەیوەندی مێژوویی نێوان دانیشتوانی پارێزگای سەڵاحەدین و قەزای سامەراو هەرێمی كوردستان ، تەئكیدی لە پێویستی پەرەپێدانی ئەو پەیوەندییانە كردەوە و ستایشی فیدراڵیەتەكەی هەرێمی كوردستانی كردو رایگەیاند كە پەیرەوكردنی ئەو سیستەمە سەركەوتنێكی گەورەی لە هەرێمی كوردستان وەدەستهێناو دانیشتووانی پارێزگای سەڵاحەدینیش چاویان لەوەیە كە پەیرەوی ئەو سیستەمە بكەن و لەمەشدا پێویستیان بە پشتگیری سەرۆك بارزانی و خەڵكی كوردستان هەیە.

شێخ شەعلان ئەلكرەیم ئەو كێشەوگیروگرفتانەشی خستەڕوو كە پارێزگای سەڵاحەدین بەدەستیانەوە دەناڵێنێ‌ و لەم رووەوە ئاماژەی بەو سیاسەتە پشتگوێخستنەكرد كە لە بەرامبەر پارێزگای سەڵاحەدیندا پەیرەودەكرێ‌ و ستایشی رۆڵی سەرۆك بارزانی كرد لە چارەسەركردنی كێشەكانی عیراق و پیادەكردنی سیاسەتی ئاشتەوایی نیشتمانی كە بووە هۆی ئەوەی هەموو خەڵكی كوردستان لە دەوروبەری سەركردایەتی خۆیان كۆببنەوە و ئەم سەركەوتنە وەدەست بێنن كە ئەمرۆ دەیبینین.

سەرۆك بارزانی وێرای بەخێرهێنانی شاندی میوان ، تەئكیدی لەسەر پەیوەندییە مێژووییەكانی نێوان هەر دوولا كردەوە و لەم رووەوە ئاماژەی بە هەڵوێستی پۆزەتیڤانەی هەندێ‌ كەسایەتی سیاسی و عەسكەری پارێزگای سەڵاحەدین و قەزای سامەرا كرد لە شۆڕشی ئەیلوولدا.

سەبارەت بە پەیرەوكردنی سیستەمی فیدراڵیش لە پارێزگای سەڵاحەدیندا ، سەرۆك بارزانی روونیكردەوە كە ئەو وڵاتانەی پەیرەوی سیستەمی فیدراڵیەتیان كردووە توانیویانە بەسەر كێشەكانی خۆیان زاڵبن ، بوونی چەند هەرێمێكی فیدراڵی لە بەرژەوەندی مەركەز دایە نەك بە پێچەوانەوە ، بەڵام هەندێ‌ خەڵك تا ئێستا بە هەڵە لە چەمكی فیدراڵیەت تێدەگەن كە وانییە.

بۆیە ئەم داوایەی پارێزگای سەڵاحەدین داوایەكی رەوایە و دەستووری عیراقیش ئەو مافەی داوەتە هەموو پارێزگاكان و لەم روانگەیەوە بە هەموو توانامانەوە پشتگیری لێ‌ دەكەین و هەوڵیش دەدەین كێشەو گیروگرفتەكانی ئەو پارێزگایەش بەشێوەیەكی یاسایی بێنە چارەسەركردن.
Top