سەرۆكی ھەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی ئەڵمانیای فیدراڵ دەكات
لە دیدارێكدا كە بەرپرسی فەرمانگەی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و نوێنەری حكومەتی هەرێم لە ئەڵمانیا ئامادەی بوون ، خاتوو یوتا تساپف وێرای خۆشحاڵی دەربڕین بەو سەردانەی بۆ هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەو گۆڕانكارییە پۆزەتیڤانە كرد لە گشت بوارەكانی هەرێمدا هاتونەتەدی و رایگەیاند كە وەك هاوڵاتیەكی ئەڵمانی كەوتۆتە ژێركاریگەری ئەو گۆڕانكارییانە كە ئەمەیش وای لێ دەكات هەوڵی پتەوتركردنی پەیوەندییەكانی وڵاتەكەی لەگەڵ هەرێمدا بدات و ستایشی ئەو بارە سەقامگیری و ئارامیەی هەرێمی كردو پیرۆزبایشی لە گەلی كوردستان كرد كە لە ماوەیەكی كورتدا توانیویەتی ئەو هەموو دەستكەوتانە وەدەست بێنێ كە ئەمەیش نیشانەی ئەوەیە كە ویستێكی بەهێز لە لای سەركردایەتی كوردستانەوە هەیە بۆ ئاوەدانكردنەوەو پێشخستنی هەرێم.
بەرێز ڤۆلفگانگ تیفنزێش وێرای ستایشكردنی واقیعی ئەمرۆی كوردستان ، تەئكیدی لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان وڵاتەكەی و هەرێمی كوردستان كردەوە و رایگەیاند كە سەركەوتنێكی گەورە لە هەرێمی كوردستان هاتۆتەدی و حەتمەن ئەو سەركەوتنە بۆ خودی سەرۆك بارزانی دەگەڕێتەوە و لەم سەردانەشمدا بۆ هەرێم گەیشتمە ئەو باوەڕەی كە بەڵێ لە ناو عیراقدا جیاوازییەكی زۆر هەیە و كوردستانیش بەحەق نموونەیەكی پێشكەوتووە.
سەرۆك بارزانی ستایشی رۆڵی خاتوو یوتا تساپف_ی كرد و رایگەیاند كە ئێمە پەیوەندییەكی لە مێژینەمان هەیە، لە كاتێكدا كە باری ئێمە بەو شێوەیە نەبوو و لە ژیانێكی سەختدا دەژیاین ئێوە هاریكاری ئێمەتان كرد ، بۆیە بە ناوی گەلی كوردستانەوە سوپاستان دەكەم ، ئەو گەلەی كە خوازیارە پەیوەندییەكی پتەوی لەگەڵ وڵاتی ئەڵمانیادا هەبێت ، بە تایبەتی لە ڕووی هاندانی كۆمپانیاكانی ئەڵمانیا بۆ ئەوەی رۆڵی خۆیان لە ئاوەدانكردنەوەی هەرێم و بوارەكانی تەندروستی و گەیاندنی لاوانی كوردستان لە ڕووی پیشەییەوە و رێگاوبان و كشتوكاڵ و پیشەسازییەوە ببینن و ئامادەیی هەرێمیشی دەربڕی لە پێشكەشكردنی ئاسانكاری پێویست بۆ ئەو كۆمپانیانە.
