سەرۆكی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ نوێنەرانی ژمارەیەك لە سەنتەرو مەڵبەندەكانی روناكبیری و رۆشنبیری و كۆمەڵایەتی كۆدەبێتەوە

سەرۆكی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ نوێنەرانی ژمارەیەك لە سەنتەرو مەڵبەندەكانی روناكبیری و رۆشنبیری و كۆمەڵایەتی كۆدەبێتەوە
ئەمرۆ پێنج شەممە 12/5/2011 بەرێز مسعود بارزانی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان لە سەڵاحەدین لەگەڵ نوێنەرانی سەنتەری روناكبیری ئێل بەگی جاف و سەنتەری هاوبەشی لوڕ و سەنتەری رۆشنبیری و كۆمەڵایەتی بابان و مەڵبەندی رۆشنبیری هەورامان و سەنتەری رۆشنبیری گۆران و نووسینگەی كاروباری كاكەیی و مەڵبەندی رۆشنبیری و كۆمەڵایەتی ساداتی پیرخدری شاهۆ كۆبووەوە.

لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا ، نوێنەرانی ئەو سەنتەرو مەڵبەندو نووسینگانە سوپاسی سەرۆك بارزانی_یان كرد بۆ ئەو دیدارە و پەسندكردنی داواكەیان و ئامادەیی دەربڕین بۆ گوێگرتن لەو پرۆژەیەی كە بە ناوی ئەنجومەنی هاریكاری بۆ ئاشتی و پێكەوە ژیان ئامادەیان كردووە بە مەبەستی هێوركردنەوەی ئەم بارودۆخەی كە پاش 17ی شوباتەوە لە هەرێم دروستبووە و ئاماژەیان بەوەكرد كە ئەم بارودۆخە بارێكی باش نەبوو و لەوانەیە هەلومەرجەكە بە ئاقارێكەوە ببات كە لە ئەنجامدا بە خراپی لەسەر نێوبانگی هەرێم بشكێتەوە و ئەزموونی هەرێمی كوردستانیش لەكەدار بكات و رایانگەیاند كە ئەم ئەزموونەی هەرێمی كوردستان رەنجی خەبات و قوربانیدانی پێشمەرگە و تێكرای گەلی كوردستانە كە نابێ‌ بە هیچ شێوەیەك ئەو رووداوانە كاریگەریان بەسەر سەقامگیری و دەستكەوتە گەروەكانی ئەو هەرێمە بكات .

دواتر كورتەیەكیان دەربارەی چۆنیەتی پێكهێنانی ئەو ئەنجومەنە پێشكەش كرد و هەروا ئەو پرۆژەیەی كە بە ناوی ئەنجومەنەوە ئامادەكراوە بۆ هێوركردنەوەی باری شاری سلێمانی و پێشكەشكردنی ئەو پرۆژەیە بە هەموو لایەنە سیاسیەكانی كوردستان بۆ دیراسەكردنی كە لە شەش خاڵدا خۆی دەبینێتەوە :

1- كۆتایی هێنان بە هەڵمەتی راگەیاندن.
2- گەڕانەوەی بارودۆخی سلێمانی بۆ پێش 17ی شوبات.
3- پابەندبوونی هەموو لایەنەكان بە ئاسایش و سەقامگیری هەرێم.
4- رشتنی خوێنی كورد بە دەستی كوردەوە بكرێتە هێڵی سور.
5- ئەنجامدانی چاكسازی پێویست لە لایەن حكومەتەوە.
6- ئەنجامدانی كۆبوونەوەیەكی بەپەلە لە نێوان لایەنەكاندا.

سەرۆك بارزانی ، وێرای بەخێرهێنانی ئامادەبووان رایگەیاند كە ئەو پێزانینێكی زۆری بۆ ئەو هەوڵ وهەنگاوەی ئەوان هەیە و پێزانینیشی بۆ هەموو هەوڵ و هەنگاوێكی هەر كەس و لایەنێك هەیە كە لە پێناو بەرژەوەندی باڵای گەلی كوردستاندا بێت و راشیگەیاند كە وەك دەسەڵات ناڵێین كەموكوڕی نەبووە و نییە ، بەڵام بەو رێگەیەی كە هەندێ‌ لایەن گرتویانەتە بەر نایەنە چارەسەركردن .بڕیاری چاكسازی بەر لە 17/2 درابوو و هەر لەو پێناوەشداو بەر لە سەردانەكەم بۆ ئیتالیا لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەكان كۆبوومەوە و لەو كۆبوونەوەیەدا داوام لە هەموو لایەنەكان كرد كە پاش گەڕانەوەم پرۆژەیەكی هاوبەش پێشكەش بكەن بۆ ئەوەی سەقفێكی زەمەنی بۆ حكومەت دابنێم بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەكە ، بەڵام كە گەیشتمە ئیتالیا بەداخەوە رووداوەكە روویدا كە ئەمەیش پێچەوانەی ئەوە بوو كە لەسەری رێككەوتبووین . هەر لە ئیتالیا پەیامێكم ئاراستەی هەموو لایەك كرد بۆ هێوركردنەوەی بارەكە ، بەڵام بەداخەوە لایەنی ئۆپۆزسیۆن پەرەی بە رووداوەكە دا . لە هەقیقەتدا دوو ئەجیندای جیاواز لەو رووداوانە بەدی دەكرێن ، یەكەمیان داواكاری خەڵكە كە بە هەموو توانایەكمانەوە هەوڵی جێبەجێكردنیان دەدەین و پشتگیریشی لێدەكەین ، دووەمیان داواكاری یان ئەجیندای حزبەكانە كە راستە حەقی خۆیانە داوای بكەن بەڵام نەدەبو بەو شێوەیە داواكانیان بخەنەڕوو.

لە رۆژی نەورۆزدا پەیامێكم ئاراستەی ئۆپۆزسیۆن كردو داوام لێكردن یان بێن بەشداری پرۆسەی چاكسازییەكە بكەن ، یانیش بەشداری لە حكومەتێكی بنكە فراوان بكەن ، ئەگەر نا پێكەوە روو لە سندوقەكانی دەنگدان بكەین وهەڵبژاردنێكی پێش وەختە ئەنجام بدەین و با لەم رووەوە میللەت دوا بڕیار خۆی بدات . بەڵام كە باسی هەڵبژاردنم كرد هەر هەموویان پاشەكشەیان كردو پاش ئەویش پەرلەمانی كوردستان 17 خاڵییەكەی خۆی راگەیاندو وەكو پارتی و یەكێتی پێی رازی بوون.

حەز دەكەم بە هەموو گەلی كوردستان رابگەیەنم كە جارێ‌ ئێمە خاوەن دەوڵەت نین تا بێین و لاسایی هەندێ‌ وڵاتانی عەرەبی بكەین ، ئەوانە خاوەن كیانی خۆیانن و ئەو كیانانەش بە گۆڕینی دەسەڵات هەر وەكو خۆیان دەمێننەوە ، بەڵام ئەوەی خۆمان ئەگەر لە دەستی بدەین قەت دووبارە نابێتەوە . ئەم وەزعەی ئێستای هەرێم بە خۆرایی نەهاتۆتە دی ، بەڵكو بە خوێن دروستكراوە و بواریش نادەینە هیچ كەس و لایەنێك وا بە ئاسانی بیروخێنن.

لەسەر چ بنچینەیەك حكومەت بروخێ‌ ؟ ئەگەر بە هەڵبژاردن بێت دەنگی زۆرتری هێناوە ، كەواتە شەرعیەت لای حكومەتەو پێویستە هەموولایەكمان ئەو شەرعیەتە بپارێزین ، بەراشكاوییەوەش دەڵێم بە كودەتا كەس ناتوانێ‌ ئەو شەرعیەتە بروخێنێ‌ ، بەڵام بە هەڵبژاردن بەڵێ‌.

من لە مێژە گفتی ئەوەم داوە كە جارێكی دیكە بە هیچ شێوەیەك رێنادەین خوێنی كورد بە دەستی كوردەوە برژێ‌ و ئەوەی پێشمان بكرێ‌ بۆ هێوركردنەوەو چاككردنەوەی ئەم وەزعە درێغی ناكەین و تا ئێستا دوو پەیامم ئاراستەی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن كردووە تا پێكەوە دانیشن و بگەنە رێككەوتنێك كە لە بەرژەوەندی هەرێمدا بێت ، ئایا لە چ وڵاتێك لە رۆژێكدا 70 پۆلیس بڕیندار بووە؟ لە ئەوروپا یەك پۆلیس بكوژرێ‌ یان بریندار بێ‌ دنیا هەڵدەستێ‌ ، زۆر جار دەڵێن یاسای خۆپێشاندان رێگرە لە بەردەم خۆپێشاندان ، ئایا مۆڵەت وەرگرتن رێگرییە ؟ لە هەموو دنیادا بەر لە خۆپێشاندان مۆڵەت وەردەگیرێ‌ نموونەش زۆرن ، ئەوەی لە بەریتانیا پەیرەو دەكرێ‌ با لە كوردستان پەیرەو بكرێ‌. ئێستا هەموومان چاوەڕوانی وەڵامی ئۆپۆزسیۆنین با بێن و لەگەڵ حزبەكانی دەسەڵات دابنیشن ، ئەو پرۆژەیەی ئێوە بەسەرچاو ، بەڵام خۆ دەبێ‌ ئۆپۆزسیۆن لەگەڵ دەسەڵات دانیشن بۆ جێبەجێكردنی شەش خاڵەكە.

ئەمەو لە كۆتایی كۆبوونەوەكەدا ئامادەبووان وێرای خستنەڕووی بیروبۆچوونەكانیان سوپاسی سەرۆك بارزانی _یان كرد بۆ ئەو دەرفەتە و وەرگرتنی پرۆژەكەیان بە سینگێكی فراوانەوە و داوایان لە بەرێزیشیان كرد كە پێگەی سیاسی و كۆمەڵایەتی خۆی بۆ چارەسەركردنی وەزعەكە بە كار بێنێ‌ و پیرۆزباییشبان لێكرد بە بۆنەی وەرگرتنی خەڵاتی ئاشتی و چالاكی دیپلۆماسی لە لایەن زانكۆی تافتسی ئەمەریكاییەوە و هەروا بە جینۆسایدناساندنی ئەنفالكردنی بارزانیەكان.
Top