كۆبوونەوەیەك بۆ پێكهێنانی چەند لیژنەیەكی فەرعی بە مەبەستی جێبەجێكردنی ناوەرۆكی بڕیارەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان تاوتوێ كرا
لە میانی كۆبوونەوەكەدا سەرۆكی دیوان تەئكیدی لە سەر گرنگیی كاری ئەو لیژنە فەرعیانە كردەوە كە لیژنەی باڵای سەر بە سەرۆكایەتی هەرێم لەبەر رۆشنایی راپۆرت و داتا و راسپاردەكانی ئەو لیژنە فەرعیانەدا، دەستنیشانی دۆخی ئەو مامەڵە و سەرپێچیكردنە نایاساییانە دەكات كە لە پرۆژە جیاجیاكانی ئەو سێ بوارەدا كراون.
هەروەها دوای تاوتوێكردنی تێروتەسەلی سەرجەم ئەو پرس و تەوەرانەی پەیوەندییان بە ناوەرۆكی بڕیارەكانی جەنابی سەرۆكی هەرێمەوە هەیە، باس لەو بابەتانە كرا كە پێویستە لەبەرچاو بگیرێن و لەلایەن ئەو لیژنە فەرعییانەوە ئامادە بكرێن لە پێناو هەرچی زووتر بە ئەنجامگەیاندنی بڕیارەكانی بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان.
دواتر فوئاد حوسێن ئەوەی بۆ ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە خستەڕوو كە لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا كاری ئەم لیژنە فەرعیانە بە تەواوەتی دەستنیشان دەكرێ و بە هەماهەنگییش لەگەڵ لیژنەی باڵا و دامەزراوە پەیوەندیدارەكان بە ئەركی خۆیان هەڵدەستن، سەرۆكی دیوان ئاماژەی بەوەش كرد كە تێكڕای ئەم بەرنامە و پرۆسەی چاكسازییەی سەرۆكی هەرێم بێجگە لەوەی چەندین كێشە یەكلایی دەكاتەوە، دەبێتە سەرەتایەكی گرنگیش بۆ هێنانە كایەی روئیایەكی هەمەلایەنە بۆ بەرنامەڕێژی و دانانی پلانی ستراتیژی بۆ ئایندەی پەرەپێدان و ئاوەدانكاری لە گشت بوارەكاندا.
