سەرۆكی ھەرێمی كوردستان پێشوازی لە وەزیری پێشووی دادی ویلایەتی نیدەرزاكسنی ئەڵمانیا و سەرۆكی سەنتەری ( ETTC ) دەكات

سەرۆكی ھەرێمی كوردستان پێشوازی لە وەزیری پێشووی دادی ویلایەتی نیدەرزاكسنی ئەڵمانیا و سەرۆكی سەنتەری ( ETTC ) دەكات


12/05/2011

ئەمرۆ پێنچ شەممە 12/5/2011 بەرێز مسعود بارزانی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان لە سەڵاحەدین پێشوازیكرد لە خاتوو هایدی مێرك وەزیری پێشووی دادی ویلایەتی نیدەرزاكسنی ئەڵمانیا و سەرۆكی سەنتەری تەكنۆلۆژیاو راهێنانی ئەوروپی و شاندێكی یاوەری.

لە دیدارێكدا ، خاتوو هایدی مێرك وێرای خۆشحاڵی دەربڕین بە دیداری سەرۆك بارزانی و ئەم سەردانەی بۆ هەرێمی كوردستان تەئكیدی لەسەر دۆستایەتیەكەی بۆ گەلی كوردستان كردەوە و رایگەیاند كە كەس ناتوانێ‌ ئەو دۆستایەتیەی لێ‌ وەرگرێتەوە.

پاشان كارو چالاكیەكانی ئەو سەنتەرەی خستەڕوو كە سەرۆكایەتی دەكات و ئامادەیی سەنتەرەكەی نیشاندا بۆ پێشكەشكردنی خزمەتە بەردەوامەكانی لە پێناو بەهێزكردنی حكومەتی هەرێم لە ڕووی كارگێری و سوود وەرگرتن لە توانا و شارەزایانی ئەو بوارە لە دەرەوەو خۆشحاڵی خۆیشی دەربڕی بە بەرەوپێشچوونی پرۆسەی سیاسی و پێشخستنی بوارە گەشەپێدان و بووژاندنەوە لە هەرێمی كوردستان و رایگەیاند كە ئەوەی ئەمرۆ هەرێمی كوردستان وەدەستی هێناوە جێی شانازییەو لە هەر كوێیەك ویست و ئیرادە هەبێ‌ ئەوا خەڵكەكەی سەركەوتن وەدەست دێنن. لە بەرامبەردا سەرۆك بارزانی ستایشی رۆڵی خاتوو هایدی مێرك كردو رایگەیاند كە دۆستی رۆژە سەختەكانی گەلی كوردستان بووە و هەوڵەكانی سەنتەرەكەشی بەرزنرخاند لە پەرەپێدانی تواناكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بوارە جیاجیاكاندا و ئامادەیی هەرێمیشی دەربڕی لە پێشكەشكردنی كۆمەكی سیاسی و مەعنەوی بۆ سەنتەرەكە.
Top