سهرۆكى ھەرێمی كوردستان پهیامێكى له ساڵیادى لهسێدارهدانى شههید لهیلا قاسم راگهیاند
لە رۆژێكی وەك ئەمرۆ داو لە ساڵی 1974 دا كچە كوردی بوێرو چاونەترس و گۆشكراو بە رێبازی كوردایەتی شەهید لەیلا قاسم لە سێدارە دراو بە شەهیدبوونیشی شەهادەتی نەمری بە خۆی بەخشی و بووە سومبولی ئازادی رێگای كوردستان.
شەهید لەیلا قاسم یەكەم ئافرەتی كوردە لە عیراقدا لەسەر سیاسەت لە سێدارە بدرێت و لە كاتی لە سێدارە دانیشیدا بە دەنگێكی بەرز هاواری كرد كە بە كوشتنی ئەو هەزارەها كورد لە خەو هۆشیار دەبنەوە ، زۆری پێ خۆشبوو كە بە سەرفرازی لە رێگای ئازادی كوردستان گیانی خۆی بەخت بكات و ئەم بەخت كردنەش بووە نەمری بۆی تا وەكو كوردێك مابێت مەحاڵە لە یادی بكات ، چونكە ژیانی ئەو ئافرەتە شەهیدە دەرسێكە بۆ هەموومان كە پێویستە واتای قوربانیدانی لێ وەرگرین و وەكو وەفایەكیش بۆ رۆحی پاكی یادی بكەینەوە .
كە دەڵێم دەبێ دەرسی لێ وەربگرینەوە مەبەستم دەرس وەرگرتنە لە رەفتارەكانی كە چۆن بەر لە سێدارەدانی زۆری لێكرابوو كە داوای لێبوردن بكات ، بەڵام ئەو شەهیدە سەربەرزە ئەم داوایەی رەتكردەوە و بە جەللادەكانی گوت من تەنها داوای لێبوردن لە گەلی كورد دەكەم ، چونكە تەمەنم بایی ئەوەی نەكرد زیاتر خزمەتی گەلەكەم بكەم.
ئیتر ئەو ئازادی و ورە بەرزەی شەهید چۆن نەبێتە رەمزێك بۆ ئەوانەی كە لەسەر رێبازی ئەون و چۆنیش نەبێتە بەرنامەیەك كە پێویستە هەموومان پەیرەوی بكەین.
هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهید لەیلا قاسم و هەڤاڵەكانی ( حەسەن حەمە رەشید ، نەریمان فوئاد ، ئازاد سلێمان میران و جەواد هەمەوەندی ) كە لەم رۆژەدا هەر هەموویان بوونە ئەستێرەیەكی درەوشاوە بە ئاسمانی كوردستانەوە كە ئەمرۆكە پەرلەمان و حكومەتی هەرێم لە ژێر سایە و تیشكی ئەواندایە ، چونكە دەستكەوتەكانی ئەمرۆ رەنجی ئەو سەركردە و پێشمەرگە و دڵسۆزانەیە كە خۆشەویستی خاكی كوردستانیان لە پێشەوەی گیانیان بووە و هەمیشە باوەڕیان بەوە بووە كە دوژمن هەر چەند بە چەك و تەقەمەنی و فرۆكە بە هێز بێت ، بەڵام كورد وەك نەتەوەیەكی زیندوو و باوەڕ بەخۆبوو لە پێناو وەدەستهێنانی مافەرەواكانی خۆی ئامادەیە گیانی خۆی بەخت بكات و بە مەردایەتی و ئازایەتی خۆی لاپەڕەكانی مێژووی بە پیتی زێرینی خەباتەكەی بنەخشێنێ و داستانێكی پڕ لە سەروەری و پاڵەوانێتی تۆمار بكات.
مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
12/5/2011
