سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم و وه‌فدێكی كۆنگرێسی ئه‌مریكا كۆبوونه‌وه‌

سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم و وه‌فدێكی كۆنگرێسی ئه‌مریكا كۆبوونه‌وه‌
سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و وه‌فدێكی كۆنگرێسی ئه‌مریكا هه‌لومه‌رجی سیاسی عیراق و هه‌رێمی كوردستان و چۆنیه‌تی گه‌شه‌پێدانی ئاستی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوولایان تاووتوێ‌ كرد.

ئه‌مڕۆ د.به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌شاری هه‌ولێر پێشوازیكرد له‌ وه‌فدێكی كۆنگرێسی ئه‌مریكا كه‌ پێكهاتبوو له‌ هه‌ردوو سیناتۆر جۆن مه‌كین و لیندسی گراهام و جیمس جێڤری باڵیۆزی ویلایه‌ته‌یه‌كرگرتوه‌كانی ئه‌مریكا له‌به‌غدا و فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌عیراق.

له‌ دیداریكدا كه‌ فه‌لاح مسته‌فا به‌رپرسى په‌یوه‌ندیه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى حكومه‌ت ئاماده‌بوو، به‌وردی باس له‌ هه‌لومه‌رجی سیاسی عیراق و هه‌رێمی كوردستان و چۆنیه‌تی گه‌شه‌پێدانی ئاستی په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان هه‌ردوولا كرا، به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ خزمه‌ت به‌ئارامی و په‌ره‌پێدانی توانای عیراقییه‌كان بكات له‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری پێویست به‌هاوڵاتیان، سه‌باره‌ت به‌په‌یوه‌ندی نێوان ویلایه‌ته‌یه‌كگرتووه‌كان و هه‌رێمیش بیروڕا ئاڵوگۆڕ كرا.
هه‌ر له‌و دیداره‌دا وه‌فدی كۆنگرێسی ئه‌مریكا به‌خۆشحاڵیه‌وه‌ باسیان له‌بوژانه‌وه‌ و پێشكه‌وتنی هه‌رێم له‌ بواره‌ جۆربه‌جۆره‌كاندا كرد كه‌ بۆته‌ نموونه‌یه‌كی گه‌شه‌سه‌ندووی عیراق و ناوچه‌یه‌كی ئارام و له‌بار بۆ چالاكی ئابووری و بازرگانی هاوبه‌ش، هه‌روا ئاستی ئاوه‌دانی هه‌رێمیان وه‌كو ده‌سكه‌وتێكی گرنگ وه‌سفكرد.

له‌ته‌وه‌رێكی تری ئه‌م دیداره‌دا سه‌باره‌ت به‌جۆری پشتیوانی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا دوای پاشه‌كشێی هێزه‌كانی، له‌پرۆسه‌ی دیموكراسی عیراق و هه‌رێمی كوردستان بیروڕا ئاڵوگۆڕ كرا، له‌مباره‌یه‌وه‌ سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رۆڵی ئه‌مریكای به‌گرنگ وه‌سفكرد و رایگه‌یاند: شاره‌زایی و ئه‌زموونی ئه‌مریكا پاڵپشتێك ده‌بێت بۆ جێگیربوون و گه‌شه‌پێدانی دیموكراسی و به‌رده‌وامی پرۆسه‌ی سیاسی به‌ئاراسته‌ی خزمه‌تكردنی زیاتری عیراق و خه‌ڵكه‌كه‌ی و زاڵبوون و به‌سه‌ر گرفت و قه‌یرانه‌كانیدا.

له‌ به‌شێكی‌ تری‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له‌هه‌ماهه‌نگی و هاریكاری نێوان ئه‌مریكا و لایه‌نه‌ عیراقیه‌كان كرا سه‌باره‌ت به‌چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هه‌ر مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك كه‌ دووچاری عیراق ببێته‌وه‌.
Top