سهرۆکی ههرێم پێشوازی له شاندێکی باڵای کۆنگریسی ئهمریکا دهکات
هەردوو سیناتۆری ئەمەریكی ستایشی ڕۆڵی سەرۆك بارزانی-یان كرد لە پێكهێنانی حكوومەتی ئێستای ئێراق بە هۆی دەسپێشخەرییە مێژووییەكەی كە توانی هەموو سەركردەكانی قەوارە سیاسییەكانی ئێراق لە هەولێر و دواتر لە بەغدا كۆبكاتەوەو هیوایان خواست ئەمجارەش دەسپێشخەرییەكی دیكە بخاتە ڕوو بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانەی كە ڕووبەڕووی پرۆسەی سیاسی ئێراق بۆتەوە و تەئكیدیشیان لەوەكردەوە كە لە هەر چارەسەرێكدا سەرۆك بارزانی ڕۆڵی سەرەكی دەگێڕێ.
هەروەها هەردوو سیناتۆر ڕۆڵی هێزەكانی هاوبەش لە ناوچە دابڕێندراوەكاندا بەرز نرخاند و داوایان كرد كە زیاتر بایەخ بەو هێزانە بدرێ بۆ پاراستنی ئەمنیەت و سەقامگیری ئەو ناوچانە و ئاماژەشیان بە پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستان كرد بەتایبەتیی لە بواری ئابووری و ئاوەدانكردنەوەدا، تەئكیدیان لەوەكردەوە كە سەرەڕای ئەو نەهامەتی و مەرگەساتەی كە بە درێژایی مێژوو دووچاری گەلی كوردستان ببۆوە، بەڵام لە سایەی پەیڕەوكردنی سیستەمێكی ئازاد و دیموكرات توانرا قەرەبووی ئەو نەهامەتی و مەرگەساتانە بكرێتەوە، ئەمەش بۆ سیاسەتی حەكیمانەی سەرۆك بارزانی دەگەڕێتەوە.
سەرۆك بارزانی وێڕای خۆشحاڵی دەربڕین بە سەردانەكەی هەردوو سیناتۆر بۆ هەرێمی كوردستان، تەئكیدی لەوەكردەوە كە هەموو هەوڵ و تەقەللاكانی خۆی دەخاتە گەڕ بۆ نزیككردنەوەی دید و بۆچوونی لایەنە سیاسییەكانی ئێراق و چارەسەركردنی ئەو كێشانەی كە ڕووبەڕووی پرۆسەی سیاسی بوونەتەوەو دووپاتیشی لەسەر پابەندبوونی هێز و لایەنە سیاسییە ئێراقییەكان بە ڕێككەوتنەكانی پێشوو كردەوە.
