سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم و باڵیۆزی ئه‌مریكا بارودۆخی هه‌رێم و عیراقیان تاوتوێ كرد

سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم و باڵیۆزی ئه‌مریكا بارودۆخی هه‌رێم و عیراقیان تاوتوێ كرد
له‌شاری هه‌ولێر به‌رِێز د. به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێشوازیكرد له‌به‌رِێز جیمس جیفری باڵیۆزی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا له‌عیراق و وه‌فدێكی هاورِێی و ده‌رباره‌ی دۆخی عیراق و هه‌رێمی كوردستان و ئاستی په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان هه‌ردولا بیرورِایان ئاڵوگۆر كرد.

له‌و دیداره‌دا سه‌باره‌ت به‌هه‌لومه‌رجی سیاسی عیراق و هه‌رێمی كوردستان گفتوگۆكراو هه‌ردولا ته‌ئكیدیان له‌گرنگی په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندی نێوان ئه‌مریكاو عیراق و هه‌رێم كرده‌وه‌، هه‌روا باس له‌رۆڵی ئه‌مریكا كرا له‌هاوكاریكردنی حكومه‌تی عیراق بۆ چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كانی و زیاتر خزمه‌تكردنی هاووڵاتیان و دابینكردنی ئاسایش و ئارامی.

هه‌ر له‌ودیداره‌دا سه‌باره‌ت به‌دۆخی هه‌رێمی كوردستان به‌گشتی بیرورِا ئاڵوگۆرِ كراو باس له‌هاریكاری ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا بۆ هه‌رێم و سودوه‌رگرتن له‌ئه‌زموون و شاره‌زایی ئه‌و وڵاته‌ كرا له‌بواره‌ جۆربه‌جۆره‌كاندا، سه‌ره‌رِای باسكردنی گرنگی په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندی ئابووری و سه‌رمایه‌گوزاری.

له‌درێژه‌ی ئه‌م دیداره‌دا سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم رونیكرده‌وه‌ كه‌بره‌ودانی زیاتر به‌پرۆسه‌ی چاكسازی و خزمه‌تكردنی خه‌ڵك له‌ئه‌وله‌ویه‌تی كاره‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم دایه‌، بۆ ئه‌وه‌ی باشترو خێراتر حكومه‌ت به‌رنامه‌كانی خۆی له‌بواری خزمه‌تگوزاری و چاكسازی جێبه‌جێ بكات و زه‌مینه‌یه‌كی له‌بارتریش بۆ گه‌شه‌پێدانی ئابووری و بوژانه‌وه‌ی هه‌رێم بره‌خسێت.

له‌ته‌وه‌رێكی تری دیداره‌كه‌دا سه‌باره‌ت به‌هه‌ماهه‌نگی نێوان هه‌ردولا له‌پارستنی ئاسایش و ئارامی كوردستان و عیراق به‌گشتی گفتوگۆ كرا.
Top