وه‌زیری پێشمه‌رگه پێشوازی له سه‌رۆكی سه‌نته‌ری دیالۆگی مرۆڤایه‌تی و وه‌فدێكی یاوه‌ری ده‌کات
شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا وه‌زیری پێشمه‌رگه به ئاماده‌بوونی ئه‌نوه‌ری حاجی عوسمان بریكاری وه‌زاره‌ت و ئه‌مینداری گشتی و سه‌رۆكی ئه‌ركان و ژماره‌یه‌ك له به‌ڕێوه‌به‌ره گشتییه‌كانی وه‌زاره‌ت پێشوازیكرد له ئه‌نجیلۆ گنادیلكا سه‌رۆكی سه‌نته‌ری دیالۆگی مرۆڤایه‌تی و وه‌فدێكی یاوه‌ری.
له‌م دیداره‌دا پرسی پرۆسه‌ی كشانه‌وه‌ی سوپای ئه‌مریكا له عیراق و بارودۆخی ناوچه‌كانی موسڵ دوای ئه‌م پرۆسه‌یه‌و پاراستنی ئاسایش و گیانی هاووڵاتیان باسیان لێوه‌كرا، سه‌رۆكی سه‌نته‌ری دیالۆگی مرۆڤایه‌تی نیه‌تی كاركردنی سه‌نته‌ره‌كه‌یانی روونكرده‌وه كه بریتیه له ئاماده‌كردنی راپۆرتێكی گشتی له‌سه‌ر بارودۆخی شاری موسڵ له دوای كشانه‌وه‌ی سوپای ئه‌مریكا له عیراقدا، ئه‌م راپۆرته له‌سه‌ر داخوازیی یه‌كێتی ئه‌وروپا ئاماده ده‌كرێت وه‌ك هه‌وڵَێك بۆ دانانی پلانێكی هه‌مه‌لایه‌نه بۆ نه‌هێشتنی ململانێی و توندوتیژییه‌كان.
وه‌زیری پێشمه‌رگه پشتیوانی خۆی بۆ راپۆرت و كارنامه‌ی سه‌نته‌ره‌كه پیشانداو دڵنیایی ئه‌وه‌یدا كه حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه به هه‌موو شێوه‌یه‌ك پشتگیری هه‌ر جۆره هه‌وڵێكی ئاشتیخوازانه‌ن كه به‌رژه‌وه‌ندی هاووڵاتیانی تێدا پارێزراو بێت.
سه‌نته‌ری دیالۆگی مرۆڤایه‌تی سه‌نته‌رێكی مرۆڤ دۆستیه‌و كار بۆ نه‌هێشتنی ململانێی و توندوتیژه‌یه‌كان ده‌كات و پێشتریش له وڵاتانی سودان و فلیپین و ئه‌نده‌نوسیا و تایله‌ندو هه‌ندێ وڵاتی تردا كاری كردووه، ماوه‌یه‌كه له‌سه‌ر داوای یه‌كێتی ئه‌وروپا هاتوونه‌ته موسڵ و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری.
