سەرۆكی ههرێمی كوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاو فەرماندەی هێزەكانی ئەو وڵاتە لە عیراق دەكات
لە دیدارێكدا ، پەرەپێدانە سیاسی و ئەمنییەكانی عیراق و بەرەو پێشەوە چونی تەواوكاری بۆ وەزارەتە ئەمنییەكان و هەر دوو ئەنجومەنی باڵای سیاسەتە ستراتیژییەكان و كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق و پەیوەندییەكانی نێوان هەر دوولا لە چوارچێوەی ئەم كشانەوەیە و چۆنیەتی پەرەپێدانی ئەو پەیوەندییانە بە پشت بەستن بە رێككەوتنی چوارچێوە ستراتیژییەكەی نێوان عیراق و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە شێوەیەك كە خزمەت بە بەرژەوەندی هەر دوولا بگەیەنێت ، خرانە بەر باس.
سەبارەت بە وەزارەتە ئەمنییەكان و ئەنجومەنی باڵای سیاسەتە ستراتیژییەكان هەر دوولا تەئكیدیان لەسەر پابەندبوونی هەموو لایەنە عیراقییەكان بە رێككەوتنەكان كرایەوە كە لە چوارچێوەی دەستپێشخەرییەكەی سەرۆك بارزانی ئەنجامدراون.
هەر لە دیدارەكەدا ، رەوشی كوردستان و پرسی كەركووك و ناوچە دابڕێندراوەكانی دیكە و پێویستی پاراستنی ئاسایشی ئەو ناوچانە بە شێوەیەكی هاوبەش تاوتوێكران و لەم رووەوە سەرۆك بارزانی تەئكید لەسەر پێویستی ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی بەر لە هەر هەڵبژاردنێك لەو ناوچانەدا كردەوە و باڵیۆزی ئەمریكاش ستایشی رۆڵی سەرۆك بارزانی كرد لە رەخساندنی زەمینەی دیموكراسی و ئازادی بیروڕاو هەروا لە بەرەو پێشبردنی هەرێم لە هەموو بوارەكانداو رایگەیاند كە ئێمە هەمیشە پێویستیمان بە رێنمایی سەرۆك بارزانی هەیە لە چارەسەركردنی ئەو ئاستەنگانەی كە رووبەرووی پرۆسەی سیاسی عیراق دەبنەوە.
ئەمەو لە كۆتایی دیدارەكەشدا هەر دوولا رووناكیان خستەسەر رووداوی كوژرانی سەرۆكی رێكخراوی تیرۆریستی ئەلقاعیدە و دەرنجامەكانی ئەم رووداوە لەسەر ئەمنیەت و سەقامگیری جیهان و ناوچەكەو لەم رووەوەش سەرۆك بارزانی وێرای دەستخۆشی كردن لە هێزەكانی ئەمریكا تەئكیدی لەسەر بەهێزتركردنی بەرەی دژ بە تیرۆر لەسەر ئاستی هەموو جیهان كردەوە.
