سەرۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی لە جێگری وەزیری دەرەوەی هەنگاریا دەكات

سەرۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی لە جێگری وەزیری دەرەوەی هەنگاریا دەكات
یەك شەممە 1/5/2011 بەرێز مسعود بارزانی سەرۆكی هه‌رێمی كوردستان لە سەڵاحەدین پێشوازیكرد لە بەرێز یانوش ئوفاری جێگری وەزیری دەرەوەی هەنگاریا و شاندێكی یاوەری .

لە دیدارێكدا ، جێگری وەزیری دەرەوەی هەنگاریا ، وێرای خۆشحاڵی دەربڕین بەو سەردانەی بۆ هەرێمی كوردستان رایگەیاند ئەوەی مێژووی ئەو هەرێمەی خوێندبێتەوە خۆی لە بەردەم قارەمانێتی و خەباتی گەڵێكی زولملێكراو دەبینێتەوە بۆیە شانازییە بۆ ئێمە كە ئەمرۆ بە دیداری سەركردەیەكی وەك سەرۆك بارزانی شاد دەبینەوە كە لە پێناو ئازادی گەلەكەیدا ساڵانێكی زۆر تێكۆشاوە و پەیامی سەرۆك كۆمارو سەرۆك وەزیرانی هەنگاریاش ئەوەیە كە پەیوەندییەكی پتەو لەگەڵ هەرێمی كوردستان ببەستین بۆ ئەم مەبەستەش داوتنامەیەكی فەرمی بە ناوی سەرۆك كۆمارو سەرۆك وەزیرانی وڵاتەكەی خۆی ئاراستەی سەرۆك بارزانی كرد بۆ سەردانی هەنگاریا و راشیگەیاند كە ئەوەی كردوتانە جێی شانازی هەموو میللەتانی جیهانە كە توانیوتانە بە حیكمەتی خۆتانەوە گەلی كوردستان بگەیەننە ئەو ئاستەی كە بەچاوی خۆمان دەیبینین ، بۆیە هەنگاریا خوازیارە لە تەك كردنەوەی باڵیۆزخانەی خۆی لە بەغدا كونسوڵخانەیەكی گشتیش لە هەرێمی كوردستان بكاتەوە بە مەبەستی پەرەپێدانی پەیوەندییەكان لە گشت بوارەكاندا بە تایبەتی لە بواری كارەبا و وزەدا.

لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی سوپاسی سەرۆك كۆمارو سەرۆك وەزیرانی هەنگاریای كرد بۆ ئەو داوەتنامەیەی كە ئاراستەی كراوە و هیوای خواست كە لە دەرفەتێكدا سەردانی وڵاتی هەنگاریا بكات و رایگەیاند كە هەرێمی كوردستانیش خوازیارە پەرە بە پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ وڵاتی هەنگاریا بدات و ئامادەشە پشتگیری و كار ئاسانی بۆ كۆمپانیاكانی بكات تا بەشداری لە ئاوەدانكردنەوەی هەرێمی كوردستاندا بكەن.
Top