به‌یاننامه‌ى حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌بۆنه‌ى جه‌ژنى جیهانى كرێكارانه‌وه
حكومه‌تی هه‌رێم له‌گه‌ڵ لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌هه‌وڵى به‌رده‌وام دا ده‌بێت بۆ ده‌سته‌به‌ركردنى مافه‌كانى كرێكاران و هێنانه‌دى ژیان و گوزه‌رانێكی باشتر بۆیان، له‌رێگاى پێشكه‌شكردنى خزمه‌تگوزارى زیاتر و ره‌خساندنی ژینگه‌یه‌كی قانوونی له‌بار تر بۆ دۆخی كاركردنیان.
جێگاى خۆشحاڵییه كه جه‌ژنى ئه‌مساڵى كرێكاران له‌هه‌رێمى كوردستاندا هاوكاته له‌گه‌ڵ راگه‌یاندنى ژماره‌یه‌ك پرۆژه‌و به‌رنامه‌ى جۆراوجۆر بۆ كرێكاران و گه‌نجان و لاوان و ده‌سته‌به‌ركردنى ده‌رفه‌تى زیاترى كاركردن. كه هه‌ریه‌ك له‌م پرۆژانه له‌داهاتوودا ره‌نگدانه‌وه‌ى راسته‌وخۆى ده‌بێت بۆ باشكردن و ده‌سته‌به‌ركردنى خۆشگوزه‌رانى زیاتر بۆ كرێكاران و سه‌رجه‌م چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵی كوردستان.
به‌مه‌به‌ستی خزمه‌تكردنی چین و توێژه جیاوازه‌كانی كوردستان پرۆژه‌ى هه‌مواركردنى یاساى خانه‌نشین و ده‌سته‌به‌رى كۆمه‌ڵایه‌تى له ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران په‌سه‌ند كراوه و ره‌وانه‌ى په‌رله‌مانى كوردستان كراوه. له‌م پرۆژه یاسایه‌دا چه‌ندین ماف بۆ كرێكاران ده‌سته‌به‌ر كراوه، كرێكاران له‌كه‌رتى تایبه‌ت به‌هه‌مان شێوه‌ى فه‌رمانبه‌رانى كه‌رتى گشتى خانه‌نشین ده‌بن و سود له‌هه‌مان ئه‌و مافانه وه‌رده‌گرن كه‌فه‌رمانبه‌ران هه‌یانه و له‌مۆڵه‌ت و وه‌رگرتنى پێشینه‌كان و سوودوه‌رگرتنى خێزان و منداڵه‌كانى له مووچه‌ى خانه‌نشینى كرێكارى وه‌ك ئه‌وه‌ى بۆ فه‌رمانبه‌ران هه‌یه. جگه له‌یاساى خانه‌نشین و ده‌سته‌به‌رى كۆمه‌ڵایه‌تى هه‌نگاوى به‌په‌له‌و جدى نراوه بۆ بوونى هه‌رێمى كوردستان به‌خاوه‌نى یاساى كارى كوردستان.
له‌پرۆژه یاساى بودجه‌ى گشتى ساڵى 2011 دا سه‌ره‌رِای دامه‌زراندنی 25 هه‌زار فه‌رمانبه‌ر، برِى 25 ملیار دینار بۆ دۆزینه‌وه‌و ره‌خساندنی هه‌لی كار بۆ گه‌نجان له‌كه‌رتی تایبه‌ت و پێدانى قه‌رزی بچوك و سندقى پاڵپشتى پرۆژه بچوكه‌كان ته‌رخانكراوه سه‌ره‌رِاى رێگه‌دان به فه‌رمانبه‌ران بۆ كاركردن له كه‌رتى تایبه‌ت كه تاكو ماوه‌ى دوو سالڕ نیوه‌ى مووچه‌كه‌ى له‌لایه‌ن حكومه‌ت دابین ده‌كرێت و جێبه‌جێكردنی ئه‌و پرِۆژه‌یه ده‌بێته هۆی ره‌خساندنى ده‌رفه‌تى كاركردن بۆ گه‌نجان و لاوانمان و ته‌رخانكراوی پێویست له بودجه‌ى 2011دا دانراوه بۆ پاڵپشتى سندوقی خانه‌نشینى كرێكاران سه‌ره‌رِاى ئه‌وه‌ى حكومه‌تى هه‌رێم خۆى به‌شێك له زه‌مانى كۆمه‌ڵایه‌تى كرێكاران له ئه‌ستۆ ده‌گرێت، هه‌روه‌ك حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌بودجه‌ى 2011 دا پشتیوانى پێدانى قه‌رزی كشتو‌كاڵى و پیشه‌سازی ده‌كات و به‌رده‌وامیش ده‌بێت له پاڵپشتی كردنى سندوقی نیشته‌جێ بوون كه هه‌لى كار ده‌رِه‌خسێنێت.
به‌هاوكارى رێكخراوی كارى جیهانى كارده‌كه‌ین بۆ دارِشتنى سیاسه‌تى به‌كارخستن بۆ هه‌رێمى كوردستان كه‌بوونى ئه‌م سیاسه‌ته له‌كوردستان بۆشاییه‌كى گه‌وره پرِده‌كاته‌وه و رێگه ده‌گرێت له‌دیارده‌ى بىَ كارى و وه‌گه‌رِخستنی گه‌نجان و لاوان و ره‌خساندنى ده‌رفه‌تى زیاترى كاركردن له‌كوردستاندا.
پرۆژه‌ى كار بۆ هه‌مووان یه‌كێكه له‌پرۆژه‌كانى وه‌زاره‌تى كار‌و كاروبارى كۆمه‌لاَیه‌تى كه‌به‌هۆیه‌وه (3000) هه‌لی كار بۆ پرۆژه‌و كۆمپانیاكانى كه‌رتی تایبه‌ت له ماوه‌ی 3 ساڵدا ده‌رِه‌خسێت كه‌تیایدا ئه‌وله‌ویه‌ت ده‌درێت به ده‌رچوانی كۆلێژ‌و په‌یمانگاو مه‌شقه پیشه‌ییه‌كان.
هه‌ر له‌درێژه‌ى هه‌وڵه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى دیارده‌ى بىَ كارى و به‌مه‌به‌ستى پێگه‌یاندنى گه‌نجان و لاوانى هه‌رێمى كوردستان له‌رێگای راهێنان و په‌ره‌پێدانی خوێندنی پیشه‌یی. له‌سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵه‌وه بنكه‌كانى مه‌شقى پیشه‌یى له‌هه‌رێمى كوردستان خراونه‌ته گه‌رِ ، بۆ ئه‌وه‌ی له‌م بنكانه‌وه خول ببینن و دواتریش له‌رِێگاى سندوقى پاڵپشتى پرۆژه بچوكه‌كان قه‌رزییان پێبدرێت.
دووباره پیرۆزبێت 1ى ئایار رۆژى جیهانى كرێكاران له‌سه‌رجه‌م كرێكارانى كوردستان، هیوادریشین له‌رێگای ئه‌م رێوشوێنانه‌ی ئاماژه‌مان پێكرد بتوانین خزمه‌تی زیاتری كرێًكاران بكه‌ین.
حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
1/5/2011
هه‌ولێر
