سه‌رۆكی حكومه‌ت وه‌به‌رهێنه‌رانی كوردستان له سلێمانی كۆده‌كاته‌وه
ئه‌مڕۆ د. به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ یه‌كێتی وه‌به‌رهێنه‌رانی كوردستان و ژماره‌یه‌ك له پیاوانی خاوه‌نكاری هه‌رێمی كوردستان كۆبووه‌وه و پشتیوانی حكومه‌تی هه‌رێمی بۆ وه‌به‌رهێنان له‌ژێرخانی ئابووری وڵات دووپاتكرده‌وه و راشیگه‌یاند كه هێمنی و ئۆقره‌یی مه‌رجی سه‌رخستنی پڕۆسه‌ی ئاوه‌دانی و وه‌به‌رهێنانه له كوردستاندا.
له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا كه یه‌كه‌مجاره له سلێمانی سازبكرێت و ژماره‌یه‌ك له وه‌زیره‌كانی حكومه‌ت و سه‌رۆكی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان له هه‌رێمی كوردستان و پارێزگاری سلێمانی و هه‌ولێر و لێپرسراوی ئیداره‌ی گه‌رمیان ئاماده‌یبوون، له وته‌یه‌كیدا سه‌رۆكی حكومه‌ت رایگه‌یاند كه ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه له‌م هه‌لومه‌رجدا په‌یامی بایه‌خدانه به‌پڕۆسه‌ی وه‌به‌رهێنان له كوردستاندا و وه‌به‌رهێنه‌رانی كوردستانیش شانبه‌شانی حكومه‌تی هه‌رێم رۆڵی گه‌وره‌یان گێڕاوه له ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و بوژاندنه‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ماندا.
سه‌رۆكی حكومه‌ت داكۆكیكردن له ئه‌زمونی هه‌رێمی كوردستان و هێمنی و ئۆقره‌یی به مه‌رجی سه‌رخستنی پڕۆسه‌ی ئاوه‌دانی و وه‌به‌رهێنان له قه‌ڵه‌مدا و رایگه‌یاند: ئێمه بێ كێشه و كه‌موكورتی نین، به‌ڵام كاری هاوبه‌ش و پێكه‌وه كاركردن و پڕكردنه‌وه‌ی كه‌موكورتییه‌كان، هه‌نگاوه‌كانی چاكسازی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان خێراتر ده‌كات
جه‌ختیشی له‌سه‌ر دورخستنه‌وه‌ی ده‌ستێوه‌ردان و خزمخزمێنه له كاری وه‌به‌رهێناندا كرده‌وه و پشتیوانی خۆی بۆ گه‌شه‌پێدان و فراوانكردن و رێكخستنه‌وه‌ی وه‌به‌رهێنان له هه‌رێمی كوردستان له چوارچێوه‌ی یاسادا ده‌ربڕی.
بۆ داڕشتنه‌وه‌ی سه‌رله‌نوێی یاسایی كاری وه‌به‌رهێنان له هه‌رێمی كوردستان و هه‌مواركردنه‌وه‌ی، د.به‌رهه‌م داوای له یه‌كێتی وه‌به‌رهێنه‌رانی كوردستان و وه‌به‌رهێنه‌ران و پیاوانی خاوه‌نكار كرد كه رۆڵی خۆیان بگێڕن و به راسپارده و سه‌رنجی به كه‌ڵك پڕۆژه‌كه ده‌وڵه‌مه‌ندتر بكه‌ن.
له به‌شێكی تری وته‌كه‌یدا د.به‌رهه‌م پشتیوانی حكومه‌تی بۆ گرنگیدانی زیاتر به‌بواری وه‌به‌رهێنان له سیستمی بانكی و كه‌رتی كشتوكاڵ و پیشه‌سازی و گه‌شتوگوزار ده‌ربڕی وه‌ك كۆڵه‌كه‌ی گرنگی گه‌شه‌پێدانی ئابوری و پڕۆسه‌ی وه‌به‌رهێنان له هه‌رێمی كوردستاندا، وه‌به‌رهێنه‌رانیشی هاندا كه خۆیان ئاماده‌بكه‌ن بۆ پێشوازیكردن له ژماره‌یه‌ك پڕۆژه‌ی گرنگ و ستراتیژی له بواری وه‌به‌رهێناندا كه به‌شێوه‌ی مونافه‌سه ده‌درێت به وه‌به‌رهێنه‌ران و له ئاینده‌یه‌كی نزیكدا راده‌گه‌یه‌نرێت.
دواتر له گفتوگۆیه‌كی كراوه‌دا هه‌ریه‌ك له ئاماده‌بووان سه‌رنج و تێبینی و پێشنیاره‌كانیان سه‌باره‌ت به چۆنێتی گه‌شه‌پێدانی بواری وه‌به‌رهێنان له كوردستاندا خسته‌ڕوو بۆ دۆزینه‌وه‌ی میكانیزمێكی نوێ و سه‌رده‌مییانه بۆ كاری وه‌به‌رهێنان و پێشخستنی، هه‌روه‌ها وه‌به‌رهێنه‌ران به بایه‌خه‌وه به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی وه‌به‌رهێنانیان له هه‌رێمی كوردستاندا به‌رزنرخاند.
بۆ بایه‌خدانی زیاتر به‌كاری وه‌به‌رهێنان و كارئاسانی زیاتر بۆ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كانی وه‌به‌رهێنان وه‌به‌رهێنه‌ران داوایانكرد وه‌ڵامی مۆڵه‌ته‌كانی پڕۆژه‌كان به‌زوویی بدرێنه‌وه و لیژنه‌یه‌ك پێكبێت بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌و گرفته‌كانی نێوان وه‌به‌رهێنه‌ران و حكومه‌ت و هه‌وڵبدرێت كاری وه‌به‌رهێنان زیاتر په‌ره‌ی پێبدرێت و پله‌به‌ندی بۆ وه‌به‌رهێنه‌ران بكرێت و پڕۆژه‌كانی نیشته‌جێبوونیش درێژه‌یان هه‌بێت و به‌رده‌وامی پێبدرێت.
له به‌رامبه‌ردا سه‌رۆكی حكومه‌ت سوپاسی پێشنیار‌و سه‌رنجه‌كانی وه‌به‌رهێنه‌رانی كرد و ئاماژه‌یكرد بۆ سازدانی چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌ی تر له‌گه‌ڵ وه‌به‌رهێنان له شاره‌كانی هه‌ولێر و دهۆك و هه‌وڵدان بۆ به‌ستنی كۆنفرانسێكی فراوان بۆ كاری وه‌به‌رهێنان له هه‌رێمی كوردستاندا و دروستكردنی لیژنه‌ی دادوه‌ری بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی نێوان وه‌به‌رهێنه‌ر و حكومه‌ت و پێداچوونه‌وه به قانوونی وه‌به‌رهێنان و كاركردنی یه‌كێتی وه‌به‌رهێنه‌ران بۆ به‌ستنی كۆنفرانس و كۆنگره‌ی خۆیان و هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌ی نوێی یه‌كێتییه‌كه‌یان و هه‌ماهه‌نگی زیاتر له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا.
