سه‌رۆكی حكومه‌ت: داواكاری خه‌ڵكی به‌شێكن له‌بره‌ودان به‌ هه‌نگاوه‌كانی چاكسازی هه‌رێم

سه‌رۆكی حكومه‌ت: داواكاری خه‌ڵكی به‌شێكن له‌بره‌ودان به‌ هه‌نگاوه‌كانی چاكسازی هه‌رێم
د. به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێشوازیكرد له‌ ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتاری یه‌كێتی ئه‌وروپا.
له‌و دیداره‌دا كه‌ د. دلاوه‌ر عه‌لادین وه‌زیری خوێندنی باڵای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌ی بوو، گفتوگۆكرا سه‌باره‌ت به‌پڕۆسه‌ی سیاسی ئه‌مڕۆی عیراق به‌ گشتی و په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا به‌تایبه‌تی و ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی به‌ئاڕاسته‌ی چاره‌سه‌ری كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان نراون و ده‌نرێن.

سه‌باره‌ت به‌بارودۆخی هه‌رێمی كوردستانیش سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند كه‌ كوردستان بوژاندنه‌وه‌و گه‌شه‌كردنی گه‌وه‌ره‌ی به‌خۆوه‌ بینیوه‌و به‌رده‌وامیش تواناكانمان ده‌خه‌ینه‌ گه‌ڕ بۆ گه‌شه‌پێدان و ئاوه‌دانی زیاترو فراوانكردنی ئاسۆی په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ وڵاتانی ده‌وروبه‌رو ناوچه‌كه‌دا.

سه‌باره‌ت به‌ بارودۆخی ئه‌م دواییه‌ی هه‌رێمی كوردستانیش د. به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ته‌كیدی له‌سه‌ر مافی راده‌ربڕین و خۆپیشاندان كرده‌وه‌ وه‌ك مافێكی سروشتی و قانونی سه‌لمێندراو له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ چوارچێوه‌ی قانون و رێسا رێگه‌ پێدراوه‌كاندا.

سه‌باره‌ت به‌ داواو داخوازی خه‌ڵك و خۆپیشانده‌ران، سه‌رۆكی حكومه‌ت وتی: داواكاری خه‌ڵك و خۆپیشانده‌ران به‌شێكن له‌ بره‌ودان به‌ هه‌نگاوه‌كانی چاكسازی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام دور له‌ تێكه‌ڵاوكردنی به‌ ئه‌جێندای سیاسی و ململانێ سیاسییه‌كان.

راشیگه‌یاند: حكومه‌ت له‌گه‌ڵ كاركردنه‌ به‌ قانون بۆ پاراستنی ئارامی و ئاسایشی خه‌ڵك و هه‌رێمی كوردستان دور له‌ڕێگه‌ی توندوتیژی و نه‌خوازراو، وتیشی بۆ هێوركردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌ چه‌ند ئیجرائاتێكی كاتیمان له‌ئێستادا كردووه‌، ئه‌وه‌ش بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی هێمنی و ئارامی و ژیانی ئاساییه‌ بۆ هاووڵاتیان.
Top