سەرۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی پەرلەمانی یەكێتی ئەوروپا دەكات

سەرۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی پەرلەمانی یەكێتی ئەوروپا دەكات
ئەمرۆ پێنج شەممە 28/4/2011 بەرێز مسعود بارزانی سەرۆكی هه‌رێمی كوردستان لە سەڵاحەدین پێشوازیكرد لە شاندێكی پەرلەمانی یەكێتی ئەوروپا كە پێكهاتبوو لە بەرێزان ستیورات ستیڤن سۆن و ماریۆ مۆرۆ و یەلكۆ كاچین و ئەتارت مۆنتاتۆ و ڤێلا رێكخەری كاروباری دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا لە عیراق و ستانسلاڤـ باڵیۆزی پۆلۆنیا لە عیراق.

لە دیدارێكدا كە بەرێز سەلیم گراڤی نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە یەكێتی ئەوروپا ئامادەی بوو ، شاندی پەرلەمانی یەكێتی ئەوروپا ، وێرای خۆشحاڵی دەربڕین بەو سەردانەیان بۆ هەرێمی كوردستان و رایگەیاند كە بۆنەیەكی مێژووییە شاندێكی یەكێتی ئەوروپا سەردانی هەرێمی كوردستان بكات بۆ ئەوەی لە نزیكەوە ئاگاداری رەوشەكەی بن و پەیوەندییەكی پتەو لە نێوان كۆماری عیراق و هەرێمی كوردستان لە لایەك و وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا لە لایەكی دیكە دروست بكەن و ئاماژەی بەوەكرد كە لەو سەردانەیاندا بۆ بەغداو هەرێمی كوردستان قەناعەتێكیان لە لا دروست بووە كە عیراق بە گشتی و هەرێمی كوردستان بە تایبەتی دەتوانن نموونەیەكی باش پێشكەش بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بكەن سەبارەت بە چۆنیەتی چارەسەركردنی گیروگرفتەكانی و راشیانگەیاند كە ئەو چەند رۆژەی لە هەرێمی كوردستاندا بووینە سەرنجێكی باشیان لەسەر هەرێم تۆمار كردووە و ستایشی هەرێمیشیان كرد سەبارەت لە باوەشگرتنی هاوڵاتیانی مەسیحی ئەوانەی بە هۆی كاری توندوتیژییەوە روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە كە سەرەرای بودجەی سنورداری هەرێم بایەخی بە گوزەرانی ئەو هاوڵاتیانەشی داوە.

دەربارەی چڕكردنەوەی سەردانەكانیشیان بۆ عیراق و هەرێمی كوردستان ، شاندی پەرلەمانی یەكێتی ئەوروپا روونیانكردەوە كە تا ئێستا سەردانەكانیان لە ئاستێكی پێویست نەبووە ، بۆیە بڕیاریان داوە كە بە بەردەوامی بایەخ بە هەردوولا بدەن. عیراق و هەرێمی كوردستان دوو نموونەی پۆزەتیڤن و قەتیش نەبووینە بەشێكی ئەو كێشانەی كە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەكەدا بەدی دەكرێن.

سەرۆك بارزانی ، وێرای بەخێرهێنانی شاندەكە ، كورتەیەكی سەبارەت بە بارودۆخی سیاسی و ئابووری عیراق و هەرێمی كوردستان خستەڕوو و رایگەیاند راستە لە عیراق و هەرێم گیروگرفت هەن بەڵام لەسەر ئەساسێكی دروست بەرێوە دەچێت ، نە لە عیراق و نە لە هەرێمی كوردستان كەس نییە هەتاهەتایێ‌ لەسەر كورسی حوكم بمێنێتەوە و دەسەڵات بەرێوەبردنیش لە دوو دەورە زیاتر نییە و ئەو هەڵبژاردنانەش كە لە عیراق و هەرێم ئەنجامدراون لە ژێر چاودێری یەكێتی ئەوروپا و un و چاودێرانی كۆمەڵگەی مەدەنیەوە بەرێوەچووە.

لە مەڕ رەوشی مەسیحیەكانیش سەرۆك بارزانی رایگەیاند كە ئەوانە رۆڵەی رەسەنی ئەم وڵاتەن و بەشدارییان كردوە لە بنیاتنانی شارستانێتیەكاندا ، بۆیە ئەركی سەرشانی ئێمەیە كە داڵدەیان بدەین.

ئەمەو لە تەوەرێكی دیكەی دیدارەكەدا سەرۆك بارزانی رووناكی خستە سەر رەوشی هەرێمی كوردستان و رووداوەكانی ئەم دواییەی و ئاماژەی بەوەكرد كە دووساڵی دیكە هەڵبژاردن دەكرێتەوە و قەتیش نەمانگوتووە ئێمە لە هەموو رووێكەوە تەواوین و سێ‌ هەڵبژاردە مان خستۆتە بەردەم ئۆپۆزسیۆن یان ئەوتا بەشداری لە چاكسازی بكەن یانیش بەشداری لە حكومەتێكی بنكە فراوان بكەن ئەگەر نا باپێكەوە هەڵبژاردنێكی پێش وەختە ئەنجامبدەین بۆ ئەوەی میللەت دوا بڕیاری خۆی بدات.

سەبارەت بە چاكسازییەكانیش ، سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەو بەرنامەیە كرد كە بۆ چاكسازی ئامادەكراوە و رایگەیاند كە ئێستا ئەو بەرنامەیە خراوەتە بواری جێبەجێكردنەوە و تەئكیدیش لەسەر جدیەتی جێبەجێكردنی بەرنامەكە كردەوە.

دەربارەی مەسەلەی كەركووك و شوێنە دابڕێندراوەكانی دیكە ، سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەو گۆڕانكارییانە كرد كە لەم دواییەدا لە پۆستە ئیدارییەكانی پارێزگاكە كراوەن و پێداگیریشی لەسەر جێبەجێكردنی تەواوی ئەو بڕگانە كردەوە كە لە ماددەی 140ی دەستووری عیراقدا هاتوون.

لە كۆتایی دیدارەكەدا ، شاندی پەرلەمانی یەكێتی ئەوروپا سوپاسی سەرۆك بارزانی _یان كرد بۆ روونكردنەوەكانی و رایانگەیاند كە دەنگ و هەڵسەنگاندنی بەرێزیان جێی تەقدیری شاندەكەی پەرلەمانی یەكێتی ئەوروپایە و ستایشی هەڵسوكەوتی حكومەتی هەرێمیان كردەوە سەبارەت بە هەڵسوكەوتە دیموكراتیەكەی بەرامبەر ئۆپۆزسیۆن و رایانگەیاند كە هەهەڵسوكەوتەكەی دیموكراتیانە و شارستانیانە بووە.

سەرۆك بارزانی _ش ستایشی رۆڵی بەرێز ستیورات ستێڤن ئەندامی پەرلەمانی یەكێتی ئەوروپای كرد و رایگەیاند كە خۆی و گەلی كوردستان ئاگاداری رۆڵ و خەبات و ئەو كارە باشانەی ئەون كە لە ساڵی 1991 دا بۆ بەرژەوەندی گەلی كوردستان ئەنجام داوە.
Top