سەرۆكی هەرێمی كوردستان ساڵیادی دەرچوونی گۆڤاری گوڵان پیرۆز ده‌کات

سەرۆكی هەرێمی كوردستان ساڵیادی دەرچوونی گۆڤاری گوڵان پیرۆز ده‌کات
بەبۆنەی تێپەڕبوونی 17 ساڵ بەسەر دەرچوونی گۆڤاری گوڵان، سەرۆكی هەرێمی كوردستان پیرۆزبایی ئاراستەی ستافی گۆڤارەكە دەكات و هیوای بەرەو پێشچوونی بەردەوامی بۆ دەخوازێ، ئەمەی خوارەوە دەقەكەیەتی:


بە ناوی خوای مەزن و دلۆڤان

بەرێزان سەرنووسەر و ستافی گۆڤاری گوڵان

سڵاوورێز

بە بۆنەی تێپەڕبوونی حەڤدە ساڵ بە سەر دەرچوونی گۆڤاری گوڵان ، پیرۆزباییەكی گەرم ئاراستەی یەكەیەكەی ئێوەی خۆشەویست دەكەم.

هیوادارم گوڵان وەك گۆڤارێكی سیاسی تەمەن درێژ ، هەر چۆن رۆڵی لە رێرەوەی رۆژنامەنووسیی ئازادی كوردیدا دیارو بەرچاو بووە ، لە دەسپێكی ساڵی نوێی تەمەنیدا زیاتر خەمخۆری تەواوكردنی پەیامە پیرۆزەكەی بێت .

ئێستا گوڵان گەشەكردنێكی دیاری بە خۆیەوە بینیوە و لە ناو گۆڤار و رۆژنامە سیاسییەكاندا سەنگێكی تایبەتی بۆ خۆی پەیدا كردووە و چوەتە قۆناغێكی نوێوە و بوەتە سەرچاوەیەكی باش بۆ زانیاری و بڵاوكردنەوەی ڕای جیاواز سەبارەت بە پرسە ناوخۆ و دەرەكییەكان و لە هەمووشیان گرنگتر بەرز راگرتنی پرەنسیپ و ئەخلاقیەتی رۆژنامەنووسییە كە ئەمەیش جێی ئەوەیە دەستخۆشی لە سەرنووسەر و ستافەكەی بكرێ‌ .

لەگەڵ رێز و خۆشەویستیم


مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
21/4/2011
Top