سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە نەدیم زەهاوی ئەندامی پەرلەمانی بەریتانیا دەكات

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە نەدیم زەهاوی ئەندامی پەرلەمانی بەریتانیا دەكات
ئەمرۆ چوارشەممە 20/4/2011 بەرێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە سەڵاحەدین پێشوازیكرد لە بەرێز نەدیم زەهاوی ئەندامی پەرلەمانی بەریتانیا لە حزبی پارێزگاران.

لە دیدارێكدا ئەندامە پەرلەمانەكەی بەریتانیا سڵاوی هەر یەك لە سەرۆك وەزیران و وەزیری دەرەوەی بەریتانیای بە سەرۆك بارزانی گەیاندو بیروڕاش سەبارەت بە پێشهاتە هەنووكییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، بە تایبەتی عیراق و هەرێمی كوردستان ئاڵوگۆڕكرا.

بەرێز نەدیم زەهاوی ستایشی ئەزموونی هەرێمی كوردستانی كردو ئەزموونەكەشی بە ئەزموونێكی دیموكراسی پشت بەستوو بە هەڵبژاردن دانا و رایگەیاند كە پەرلەمانی بەریتانیا بەو چاوە سەیری ئەو ئەزموونە دەكات و پشتگیری و پاڵپشتیشی لێ‌ دەكات. هەروەها كورتەیەكی پێشكەش بە سەرۆك بارزانی كرد دەربارەی ئەو گروپەی كە لە ناو پەرلەمانی بەریتانیادا پێكهێنراوە بۆ داكۆكیكردن لە گەلی كوردستان كە تیایدا ژمارەیەك لە پەرلەمانتارانی بەریتانی ئەندامن.

سەرۆك بارزانی وێرای خۆشحاڵی دەربڕین بەو سەردانەی ئەندامی پەرلەمانی بەریتانیا بۆ هەرێمی كوردستان، هیوای سەركەوتنی بۆ ئەندام پەرلەمانەكە و گروپە پەرلەمانییەكەی بەریتانیا خواست بۆ داكۆكیكردن لە مافەكانی گەلی كوردستان و داوای لێكرد كە بە هەمان شێوە سڵاوی بگەیەنێتە سەرۆك وەزیران و وەزیری دەرەوەی بەریتانیا.
Top