بالیۆزی كرواتیا: هه‌رێمى كوردستان ئاستێكى زۆر به‌رزى له‌پراكتیزه‌كردنى دیموكراسی په‌یڕه‌و كردوه

بالیۆزی كرواتیا: هه‌رێمى كوردستان ئاستێكى زۆر به‌رزى له‌پراكتیزه‌كردنى دیموكراسی په‌یڕه‌و كردوه
سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشوازی لێكرد
ئه‌مرۆ سێ شه‌ممه‌ 19/4/2011، دكتۆر كه‌مال كه‌ركوكى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان به‌ ئاماده‌بوونى دكتۆر ئه‌رسه‌لان باییز جێگرى سه‌رۆكى په‌رله‌مان، پێشوازى له‌ به‌رێز ئێركۆ ڤۆكاس باڵیۆزى كرواتیا له‌ عیراق و جاسم زاهیر راوێژكارى باڵیۆزى كۆمارى كرواتیا بۆكاروبارى ئابوریی عیراق كرد.

له‌دیدارێكدا كه‌ ئاسۆ كه‌ریم سه‌رۆكى لیژنه‌ى په‌یوه‌ندیه‌كان و رۆشنبیرى ئاماده‌بوو، بارودۆخى ئه‌مرۆى هه‌رێمى كوردستان و كاره‌كانى په‌رله‌مانى كوردستان و په‌یوه‌ندیه‌كانى نێوان هه‌رێمى كوردستان و كۆمارى كرواتیا خرایه‌ به‌رباس و گفتوگۆ.

سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان وێراى به‌خێرهێنان پوخته‌یه‌كى له‌باره‌ى په‌یوه‌ندى نێوان هه‌رێمى كوردستان و كرواتیاو كاركردن بۆ زیاتر په‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندیه‌كانى نێوانیان خسته‌ روو هاوكات تیشكى خسته‌ سه‌ر پرۆسه‌ى دیموكراسیی هه‌رێمى كوردستان و هه‌ڵبژاردنه‌كانى هه‌رێم و هه‌ماهه‌نگى له‌نێوان دامه‌زراوه‌ یاساییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و پابه‌ندبوون به‌ یاسا و بنه‌ماكانى دیموكراسیی و كارى په‌رله‌مانى.

له‌لایه‌ن خۆشیه‌وه‌ دكتۆر ئه‌رسه‌لان باییز جێگرى سه‌رۆكى په‌رله‌مان تیشكى خسته‌ سه‌ر ئه‌و ئازادیانه‌ى له‌ هه‌رێمى كوردستان هه‌ن كه‌ به‌خه‌بات و فیداكارى به‌ده‌ست هاتوه‌و كاركراوه‌و به‌رده‌وامیش ده‌بین له‌كاركردن بۆ پاراستنى سه‌روه‌رى یاسا.

دواتر باڵیۆزى كرواتیا له‌ عیراق خۆشحاڵى خۆى به‌سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستان و دیدارى سه‌رۆك و جێگرى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان نیشان دا و ره‌وتى دیموكراسی و ئازادى و گه‌شه‌پێدان و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى به‌رز نرخاند و ئه‌وه‌ى خسته‌ ڕوو كه‌ هه‌رێمى كوردستان ئاستێكى زۆر به‌رزى له‌ پراكتیزه‌ كردنى دیموكراسی په‌یڕه‌و كردوه‌و ته‌نانه‌ت كه‌ به‌راوردى ده‌كه‌ین له‌گه‌ڵ ووڵاتانى دیموكراسیی دا هه‌ست ده‌كه‌ین گه‌لى كورستان زۆر قۆناغى تێپه‌ڕاندوه‌ به‌ تایبه‌تیش كه‌ له‌مێژووى خۆى دا رۆژگارى پڕ له‌ نه‌هامه‌تى زۆر و رۆژانى سه‌ختى بینیوه‌و ئێستا په‌رله‌مانى كوردستانیش وه‌ك ئه‌ركى سه‌رشانى خۆى ئه‌و ده‌سكه‌وتانه‌ ده‌پارێزێ.

هه‌ر له‌دیداره‌كه‌دا جاسم زاهیر راوێژكارى باڵیۆزى كۆمارى كرواتیا بۆكاروبارى ئابورى عیراق پوخته‌یه‌كى له‌باره‌ى كار و چالاكیه‌كانى ماڵیى بازرگانى كرواتى له‌ هه‌رێمى كوردستان پێشكه‌شكرد كه‌ له‌و ماوه‌یه‌دا له‌هه‌موو روێكه‌وه‌ په‌یوه‌ندیه‌كى پته‌ویان له‌گه‌ڵ ده‌زگا ودامه‌زراوه‌ فه‌رمیه‌كانى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان پێكهێناوه‌و ئاڵوگۆڕى چه‌ندین شاندى بازرگانى و رۆشنبیرى و وه‌رزشییان كردوه‌و دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ كرواتیه‌كان شانازى به‌ ره‌سه‌نایه‌تى خۆیان ده‌كه‌ن و له‌مباره‌یه‌وه‌ بڕیاره‌ سێ مێژوونووسیی گه‌وره‌ى كرواتى سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستان بكه‌ن و له‌باره‌ى ره‌چه‌له‌كى كرواتیه‌كان و كورد بوونیان چه‌ندین موحازه‌ره‌یه‌ك له‌زانكۆ و ناوه‌نده‌ رۆشنبیریه‌كان پێشكه‌ش بكه‌ن.
Top