سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ كونسوڵی گشتی شانشینی ئه‌رده‌نی هاشمی له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كات

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ كونسوڵی گشتی شانشینی ئه‌رده‌نی هاشمی له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كات
ئه‌مرۆ دووشه‌ممه‌ 18/4/2011 به‌رێز مسعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ سه‌ڵاحه‌دین پێشوازیكرد له‌ به‌رێز فایز ئه‌لخوری یه‌كه‌م كونسوڵی گشتی شانشینی ئه‌رده‌نی هاشمی له‌ هه‌رێمی كوردستان.

له‌ دیدارێكدا كه‌ به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌ی بوو ، سه‌رۆك بارزانی پیرۆزبایی له‌ یه‌كه‌م كونسوڵی گشتی شانشینی ئه‌رده‌نی هاشمی له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد به‌ بۆنه‌ی ده‌ست به‌كاربونیه‌وه‌ وه‌ك كونسوڵی گشتی وڵاته‌كه‌ی له‌ هه‌رێمی كوردستاندا و هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ خواست.

كونسوڵی گشتی شانشینی ئه‌رده‌نی هاشمی سڵاوی خاوه‌ن شكۆ شا عه‌بدوڵلای دووه‌م شای شانشینی ئه‌رده‌نی به‌ سه‌رۆك بارزانی گه‌یاند و په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێم و شانشینی ئه‌رده‌نى به‌ مێژوویی وه‌سفكرد و رایگه‌یاند كه‌ شا عه‌بدوڵلای دووه‌م خوازیاره‌ ئه‌رده‌ن په‌یوه‌ندییه‌كی پته‌وی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستاندا هه‌بێت به‌و جۆره‌ی كه‌ خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ر دوولا بكات و كردنه‌وه‌ی كونسوڵخانه‌ی وڵاته‌كه‌شی له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ بڕیارێكی گرنگ دانا كه‌ ده‌بێته‌ مایه‌ی بردنه‌ پێشه‌وه‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ سه‌رۆك بارزانی په‌رۆشیی هه‌رێمی كوردستانی بۆ گه‌شه‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئه‌رده‌ن ده‌ربڕی و داوای له‌ كونسوڵی گشتی كرد كه‌ به‌ هه‌مان شێوه‌ سڵاوی بگه‌یه‌نێته‌ شا عه‌بدوڵلای دووه‌م و ئاماده‌یی هه‌رێمیشی ده‌ربڕی بۆ هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی له‌ پێناو سه‌رخستنی ئاره‌زووه‌كانی هه‌ر دوولا له‌ پێشخستنی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌ بواری سیاسی و ئابووری و كه‌لتوورییه‌وه‌.

ئه‌مه‌و له‌ ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا تیشك خرایه‌ سه‌ر پێشهاته‌كانی ئه‌م دواییه‌ی ناوچه‌كه‌ و له‌م رووه‌وه‌ هه‌ر دوولا بیروڕایان سه‌باره‌ت به‌و پێشهاتانه‌ ئاڵوگۆڕ كرد.
Top