بەرپرسێكی پەكەكە: سوپاى توركیا هێز لە ناوچە سنوورییەكان كۆ دەكاتەوە

بەرپرسێكی پەكەكە: سوپاى توركیا هێز لە ناوچە سنوورییەكان كۆ دەكاتەوە
سەرچاوەیەكی بەرپرس لە پارتی كرێكارانی كوردستان \"پەكەكە\"" ئەمڕۆ دووشەم ڕای گەیاند، سوپاى توركیا كەوتووەتە كۆكردنەوەى هێز لە ناوچە سنوورییەكان لەگەڵ هەرێمى كوردستان و دەیەوىَ پەكەكە پەلكێشى شەڕ بكاتەوە .

ئەحمەد دەنیز بەرپرسی پێوەندییەكانی دەرەوەی \""پەكەكە\"" رایگەیاند، ئێمە ڕاگرتنى چالاكییە سەربازییەكانمان تا 15حوزەیران/یۆنیۆى داهاتوو درێژ كردووەتەوە، بەو مەرجەى دەوڵەتى توركیا ئۆپۆراسیۆنەكانى خۆى بۆ سەر ئێمە ڕابگرىَ، بەپێچەوانەوە مافى وەڵامدانەوە و بەرگریمان هەیە .

دەنیز گوتی \""لەئێستەدا پارتى داد و گەشەپێدانى دەسەڵاتدار (ئاكەپە) لە ناوچەكانى كوردستان (كوردستانى توركیا) زۆر تەنگەتاو بووە، بەو هۆیەشەوە دەیەوىَ ناوبەناو ئۆپۆراسیۆن ئەنجام بدات\"".

ئاماژەی بەوەش كرد، ئاكەپە دەیەوىَ لەو ڕێگەیەوە ئێمە بۆ ناو شەڕ و پێكدادانەكان پەلكێش بكات، دواتر ئێمە بە هۆكارى سەرهەڵدانى ئاڵۆزییەكان تۆمەتبار بكات .

بەرپرسەكەی پەكەكە ئەوەشی گوت \""لە ئێستەدا سوپاى توركیا بەردەوامە لە كۆكردنەوەى سوپا لە ناوچە سنورییەكان و لە خۆئامادەكردندایە بۆ ئەنجامدانى ئۆپەراسیۆنێكى بەرفراوان، هەروەها ناوبەناو ئۆپۆراسیۆن دەكەن و دەوڵەت دەیەوىَ بكەوینەوە شەڕەوە، بەڵام تائێستە ئێمە هیچ وەڵامێكمان نەداونەتەوە\"".

لە 6 ئاب/ئۆگستسی 2010 عەبدوڵا ئۆجەلان سەرۆكى پارتی كرێكارانی كوردستان پەیامێكی بۆ موڕاد قەرەیلان بەرپرسی دەستەی سەرۆكایەتیی كۆما جڤاكێن كوردستان \""كەجەكە\"" نارد، بەپێی پەیامەكە \""پەكەكە\"" ئێوارەی رۆژی 13 ئاب/ئۆگستس، ئاگربەستی یەكلایەنەی راگەیاند تا 20 ئەیلوول/سێپتێمبەری 2010.

دواتر سەرلەنوێ ئاگربەستی یەكلایەنەیان تا دوای هەڵبژاردنە گشتییەكانی توركیا كە بڕیارە لە 12ی حوزەیران/یۆنیۆی 2011 بێتە سازكردن درێژە پێ دا.

-ئاكانیوز"
Top