هه‌فته‌ی داهاتوو وه‌زیرانی پێشمه‌رگه‌و ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێم بانگهێشتی په‌رله‌مان ده‌كرێن
ئه‌مرِۆ كه‌مال كه‌ركووكی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان دانیشتنی ئاسایی په‌رله‌ماندا، رایگه‌یاند هه‌فته‌ی داهاتوو هه‌ر یه‌ك له وه‌زیرانی ناوخۆ‌و پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم به مه‌به‌ستی روون كردنه‌وه‌و لێپرسینه‌وه بانگێشتی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كرێت.
به‌رله‌ده‌سپێكردنی گفتوگۆكانی به‌رنامه‌ی كار له‌وته‌یه‌كیدا سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند: به‌مه‌به‌ستی لێكۆڵینه‌وه له‌رووداوه‌كانی ئه‌مدواییه‌ی هه‌رێمی كوردستان و داواكاری خۆپێشانده‌ران په‌رله‌مانی كوردستان هه‌فته‌ی داهاتوو دوو دانیشتنی نائاسایی ئه‌نجامده‌دات كه یه‌كه‌میان رۆژی یه‌كشه‌ممه به‌رێوه ده‌چێت و تێیدا وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم ئاماده ده‌بێت و دانیشتنه‌كه‌ی تریش رۆژی چوارشه‌ممه به‌رێوه ده‌چێت و وه‌زیری ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێم ئاماده ده‌بێت.
سه‌ره‌تای دانیشتنه‌كه سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌رنامه‌ی كاری خوێنده‌وه، كه له 7خاڵ پێكهاتبوو خاڵی یه‌كه‌م بریتی‌بوو له‌به‌رده‌وامبوون له‌سه‌رگفتوگۆكردنی پرۆژه یاسای كاری رێكخراوه ناحكومییه‌كان و خاڵه‌كانی دووه‌م تا حه‌وته‌میش تایبه‌تبوون به‌خستنه‌روو گفتوگۆكردنی ئه‌م پرۆژه یاسایانه: یاسای گرنگیدان به‌گه‌نجان و یاسای پرۆژه بچوكه‌كان و یاسای سندوقی پاڵپشتی گه‌نجان و یاسای پشتگیریی دارایی بۆ حزب و قه‌واره سیاسییه‌كان و یاسای ده‌سته‌ی نه‌زاهه‌ی گشتی و یاسای قه‌ده‌غه‌كردنی رێكخستنه حزبییه‌كان له‌ناو ریزه‌كانی پێشمه‌رگه‌و هێزه‌كانی ئاسایشی گشتی.
دوای گفتوگۆكردن دانیشتنه‌كه بۆ سبه‌ی چوارشه‌ممه دواخراوه.
