بەبێ ئامادەبونی گۆران و یەكگرتوو و كۆمەڵ پەرلەمان دانیشتنی ئاسایی خۆی گرێ دا
سەرچاوەیەك بە گوڵان میدیای راگەیاند: ئەمڕۆ پەرلەمانی كوردستان بە ئامادەبوونی سەرۆكی پەرلەمان و جێگری سەرۆك و سكرتێری پەرلەمان دەستی كردەوە بە كۆبوونەوە ئاساییەكانی خولی دووەم كە لەدانیشتنی ئەمڕۆدا بڕیارە گفتوگۆ لەسەر ئەجندای كاری ئەم خولەی پەرلەمان بكرێت.
سەرچاوەكە وتیشی: هەریەك لەلیستی گۆڕان، یەكگرتوو، كۆمەڵ بەبیانوی جۆراو جۆر هۆڵی پەرلەمانیان جێ هێشت.
رێباز فەتاح جێگری سەرۆكى فراكسیۆنى گۆڕان ئاكانیوزى راگەیاند: ئێمە بەهۆى پێشێلكردنى هەندێك لە خاڵەكانى ناو بڕیارەكەى پەرلەمانى كوردستان، بڕیارمان دا بایكۆتى دانیشتنەكانى ئەمڕۆ چوارشەم بكەین.
عومەر عەبدولعەزیز سەرۆكى فراكسیۆنى یەكگرتووى ئیسلامى بەئاكانیوزى راگەیاند ئێمەش بڕیارمانداوە بەشداریی كۆبوونەوەى ئەمڕۆ نەكەین.
بەپێی پێڕەوى ناوەخۆ، پەرلەمان دوو پشووى هەیە، یەكەمیان پشووی هاوینە لە 1ی تەمووز/یۆلیۆی دەست پێ دەكات و لە 31ی ئاب/ئۆگستس كۆتا پێ هات، پشووى زستانەشی لە 1ى كانوونى دووەم/یەنایەر دەست پێ دەكات و لە 1ى ئادار/مارس بەكۆتا دێ.
