نیویۆرك تایمز: ئه‌گه‌ر كورد سوربێت له‌سه‌ر گه‌رِانه‌وه‌ى كه‌ركوك بۆ هه‌رێمى كوردستان پشتگیری ئه‌مه‌ریكا له‌ده‌ست ده‌دات

نیویۆرك تایمز: ئه‌گه‌ر كورد سوربێت له‌سه‌ر گه‌رِانه‌وه‌ى كه‌ركوك بۆ هه‌رێمى كوردستان پشتگیری ئه‌مه‌ریكا له‌ده‌ست ده‌دات
گولاَن/س.م

رِۆژنامه‌ى نیویۆرك تایمزى ئه‌مه‌ریكى له‌ رِاپۆرتێكیدا داوا له‌ ئه‌مه‌ریكا ده‌كات كه‌ بۆ كورد رِون بكاته‌وه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر سوربێت له‌سه‌ر گه‌رِانه‌وه‌ى شارى كه‌ركوك بۆ سه‌ر هه‌رێمى كوردستان و ده‌ستبه‌ردارى ئه‌و شاره‌ نه‌بێت ئه‌وا پشتگیری ئه‌مه‌ریكا له‌ده‌ست ده‌دات.

رِۆژنامه‌ى نیویۆرك تایمزى ئه‌مه‌ریكی له‌ بابه‌تێكیدا له‌ ژێر ناونیشانى (دواجار حكومه‌تێكى عێراقی) بلاَوى كردوه‌ته‌وه‌ داوا له‌ (نورى مالیكی) سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق ده‌كات كه‌ له‌م خوله‌ى سه‌رۆكایه‌تى كردنى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى عێراقدا وه‌ك خولى رِابردو هه‌ڵسوكه‌وت نه‌كات و تاك رِه‌وانه‌ مامه‌ڵه‌ نه‌كات له‌ فه‌رمانرِه‌وایه‌تى كردنه‌كه‌یدا.
هه‌روه‌ها داوا له‌ مالیكی ده‌كات كه‌ وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌كى عێراقی فه‌رمانرِه‌وایی عێراق بكات و رِه‌چاوى جیاوازیه‌كان نه‌كات و جیاوازى له‌نێوان هیچ لایه‌ك نه‌كات.

له‌به‌شێكى دیكه‌ى نوسینه‌كه‌یدا رِۆژنامه‌ى نیویۆرك تایمزى ئه‌مه‌ریكی داواى له‌ هه‌ردو لایه‌نى ئه‌مه‌ریكى و عێراقی كرد كه‌ رِه‌چاوى بارودۆخى عێراق به‌گشتى و شارى كه‌ركوك به‌تایبه‌تى بكه‌ن له‌ كاتى كشانه‌وه‌ى هێزه‌كانى ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق.

ده‌رباره‌ى شارى كه‌ركوك رِۆژنامه‌ى نیویۆرك تایمز كێشه‌ى ئه‌و شاره‌ى به‌ گه‌وره‌ترین كێشه‌ى عێراق ناوبرد به‌تایبه‌ت دواى كشانه‌وه‌ى هێزه‌كانى ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق و نوسیویه‌تى: پێویسته‌ ئه‌مه‌ریكا ئه‌وه‌ بۆ كورد رِون بكاته‌وه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر سوربن له‌سه‌ر وه‌رگرتنى شارى كه‌ركوك و ده‌ستبه‌ردارنه‌بونیان له‌و شاره‌ ده‌بێته‌ هۆى تێكچونى په‌یوه‌ندیه‌كانى نێوان ئه‌مه‌ریكا و كورده‌كان و پشتگیرى نه‌كردنى ئه‌مه‌ریكا بۆ كورده‌كان به‌هۆى ده‌ستبه‌ردارنه‌بون له‌ شارى كه‌ركوك.

له‌كۆتایدا داواى له‌ ئیداره‌ى ئه‌مه‌ریكا ده‌كات كه‌ هه‌وڵه‌كانى وه‌گه‌رِبخات بۆ چاره‌سه‌ر كردنى كێشه‌ى شارى كه‌ركوك و فشار بخاته‌ سه‌ر لایه‌نه‌ عێراقیه‌كان بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ى ئه‌و شاره‌ پێش كشانه‌وه‌ى هێزه‌كانى ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق كه‌ برِیاره‌ له‌مساڵدا بكشێنه‌وه‌ به‌پێى رِێككه‌وتنامه‌ى ستراتیژى نێوان هه‌ردو حكومه‌تى ئه‌مه‌ریكا و عێراق.
Top