سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ باڵیۆز و فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌كانی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ده‌كات

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ باڵیۆز و فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌كانی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ده‌كات
مسعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ سه‌ڵاحه‌دین پێشوازیكرد له‌ جێمس جیفری باڵیۆزی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و ژه‌نه‌راڵ ئۆستن فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ له‌ عیراق و شاندێكی یاوه‌ریان.

له‌ دیدارێكدا كه‌ نێچیرڤان بارزانی ئاماده‌ی بوو، باس له‌ هه‌وڵه‌ به‌ ئه‌نجام گه‌یشتووه‌كانی پرۆسه‌ی پێكهێنانی حكومه‌تی داهاتووی عیراق كرا.

له‌م باره‌یه‌وه‌ باڵیۆزی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له‌ عیراق دووباره‌ پیرۆزبایی له‌ سه‌رۆك بارزانی كرد به‌ بۆنه‌ی سه‌ركه‌وتنی ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ی و ستایشی رۆڵی به‌رێزیان و رۆڵی نوێنه‌رو سه‌ركرده‌كانی كوتله‌ سیاسییه‌كانی كرد له‌ سه‌رخستنی ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌و هیوای به‌رده‌وامی هه‌وڵه‌كانی كرد بۆ پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێ‌ و رایگه‌یاند كه‌ له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا هه‌ر له‌ سه‌رۆك ئۆباماوه‌ سه‌رۆكی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا به‌ چاوێكی پڕبایه‌خه‌وه‌ سه‌یری هه‌وڵه‌كانی سه‌رۆك بارزانی ده‌كه‌ن، هه‌ر له‌ پرۆسه‌ی دانوستانه‌ به‌راییه‌كان و سه‌ردانی سه‌رۆك و نوێنه‌رانی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عیراق بۆ هه‌ولێر و دوایی كۆبوونه‌وه‌ به‌رده‌وامه‌كانیان له‌ به‌غدا و ئه‌نجامدانی به‌شێك له‌ قۆناغه‌ ده‌ستوورییه‌كانی پێكهێنانی حكوومه‌ت و هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران و سه‌رۆك كۆمار و ئه‌م هه‌وڵانه‌شی به‌ هه‌نگاوێكی باش و گۆڕانێكی زۆر گه‌وره‌ دانا.

باڵیۆزی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ئه‌مه‌شی دووپاتكرده‌وه‌ كه‌ هێشتا زۆر فاكته‌ر ماون بۆ پێكهێنانی حكومه‌تێكی به‌هێزو كارا كه‌ نوێنه‌رایه‌تی سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی گه‌لی عیراق بكات، بۆیه‌ ئه‌م سه‌ردانه‌یان بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگاداری هه‌وڵه‌ ته‌واوكه‌ره‌كانی سه‌رۆك بارزانی بن بۆ قۆناغی داهاتوو.

سه‌رۆك بارزانی روونیكرده‌وه‌ كه‌ به‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران و سه‌رۆك كۆمار هه‌نگاوێكی گرنگ له‌ پرۆسه‌ی سیاسی عیراقیدا هاوێژراو ئه‌و به‌ربه‌سته‌ نه‌فسیه‌ی كه‌ هه‌بوو توانیمان بیشكێنین و به‌ر له‌ دوو رۆژیش له‌گه‌ڵ شاندی دانوستانكاری ئیئتیلافه‌ فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان و به‌ ئاماده‌بوونی گشت هێزو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان كۆبووینه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ دوا په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی قۆناغی پێكهێنانی حكوومه‌ت بدوێین و هیوای خواست ئه‌م قۆناغه‌ش به‌ سه‌ركه‌وتوویی به‌كۆتا بێت و حكومه‌تێكی شه‌راكه‌تی نیشتمانی لێ‌ بكه‌وێته‌وه‌ و ته‌ئكیدیشی له‌وه‌كرده‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ چه‌مكی شه‌راكه‌تی نیشتمانی رێزی لێ‌ بگیرێ‌ و ناكۆكیه‌كانیش له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستوور و سیسته‌می سیاسی بێنه‌ چاره‌سه‌ركردن.

تاوتوێكردنی میكانیزمی دابه‌شكردنی پۆسته‌ وه‌زارییه‌كان له‌ نێوان كوتله‌ سه‌ركه‌وتووه‌كان و بیرو بۆچوونی ئه‌و كوتلانه‌ و چۆنیه‌تی دامه‌زراندنی ئه‌نجومه‌نێكی كارای سیاسه‌ته‌ ستراتیژییه‌كان كه‌ تیایدا شه‌راكه‌تی نیشتمانی به‌رجه‌سته‌ بكرێ‌ ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌بوو و له‌م رووه‌وه‌ باڵیۆزی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا دووباره‌ پابه‌ندبوونی ته‌واوی وڵاته‌كه‌ی به‌ پشتگیریكردنی پرۆسه‌ی سیاسی عیراق و ئه‌زموونه‌ دیموكراتیه‌كه‌ی و بایه‌خی رێزگرتن له‌ ته‌وافوقاتی سیاسی و چه‌مكی حكوومه‌تی شه‌راكه‌تی نیشتمانی كرده‌وه‌.
Top