سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی به‌ پێكهێنانی لیژنه‌یه‌ك بۆ پێشوازیكردن له‌ ئاواره‌ مه‌سیحییه‌كان راسپارد

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی به‌ پێكهێنانی لیژنه‌یه‌ك بۆ پێشوازیكردن له‌ ئاواره‌ مه‌سیحییه‌كان راسپارد
به‌ فه‌رمانی به‌رِێز مسعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و له‌به‌ر رۆشنایی كۆبوونه‌وه‌ی جه‌نابیان له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، ئه‌مرِۆ چوارشه‌ممه‌ 24/11/2010 سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به‌ پێكهێنانی لیژنه‌یه‌ك راسپێردرا به‌ مه‌به‌ستی دانانی رێوشوێنی پێویست بۆ پێشوازیكردن له‌و مه‌سیحیانه‌ی كه‌ به‌هۆی هه‌رِه‌شه‌ی تیرۆر وتۆقاندن له‌ ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراقه‌وه‌ ئاواره‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌بن.

ئه‌مه‌و بۆ راپه‌رِاندنی كاروباره‌كان وه‌زیری ناوخۆی حكوومه‌تی هه‌رێم ئه‌ركی سه‌رۆكایه‌تیكردنی ئه‌و لیژنه‌یه‌ی پێ سپێردراوه‌، كه‌ وێرِای ئه‌ندامێتی نوێنه‌ری سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، وه‌زیری گواستنه‌وه‌ وگه‌یاندن تێیدا ئه‌ندامه‌ ونوێنه‌رانی هه‌ردوو وه‌زاره‌تی خوێندنی بالاَ وتوێژینه‌وه‌ی زانستی وپه‌روه‌رده‌ وفه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم و پارێزگاكانی هه‌ولێر وسلێمانی ودهۆكیش نوێنه‌ریان له‌ لیژنه‌كه‌دا هه‌یه‌.

هه‌روه‌ها سه‌رۆكی لیژنه‌، كه‌ وه‌زیری ناوخۆی هه‌رێمی كوردستانه‌، بۆی هه‌یه‌ به‌ پێی پێویست نوێنه‌ری كه‌نیسه‌ ورێكخراوه‌ مه‌سیحییه‌كان له‌ لیژنه‌كه‌دا به‌شدار بكات.
Top