تەلەفونەكەی نێوان ترامپ و تسای انگ-ون و بارزانی و بیتس كۆتایی هێنان بوو بە سیاسەتی (یەك عێراق و یەك چین) لەلایەن ئەمریكاوە

تەلەفونەكەی نێوان ترامپ و تسای انگ-ون و بارزانی و بیتس كۆتایی هێنان بوو بە سیاسەتی (یەك عێراق و یەك چین) لەلایەن ئەمریكاوە
رۆژی 2ی 12ی 2016 تساس انگ-ون سەرۆكی تایوان بۆ پیرۆزیایی لە دۆناڵد ترامپ سەرۆكی هەڵبژێراوی ئەمریكا پەیوەندیەكی 10 خوڵەكی بۆكردووە، هەمان رۆژ مایكل بیتس جێگری سەرۆكی هەڵبژێراوی ئەمریكا بۆ پیشاندانی تیروانین ومامەڵەی ئیدارەی داهاتوی ئەمریكا خۆی بەرێگەی تەلەفون پەیوەندی بە مسعود بارزانی سەرۆكی كوردستان كردووە.
سەبارەت بە تەلەفونەكەی سەرۆكی تایوان بۆ سەرۆكی هەڵبژێراوی ئەمریكا، كۆماری چینی میللی ئەم وەڵامدانەوەی دۆناڵد ترامپی بۆ تەلەفونەكەی سەرۆكی تایوان، وەك بۆمبێك بۆ جیابوونەوەی تایوان لە كۆماری چین وەسفكردووە .
سەبارەت بەم رووداوە ، لەرۆژی 11ی 12ی 2016 ، د.سالفاتۆری بابۆنیس مامۆستای سیسیۆلۆژی و سیاسەتی كۆمەڵایەتی لە زانكۆی سیدنی لە ئوسترالیا وتارێكی لە گۆڤاری فۆرین ئەفێرز بە ناونیشانی ( ناوی گەمەكەی تایوان .. چیتر تایوان بە خۆی ناڵێت كۆماری چین) بڵاوكردۆتەوە.
ئەوەی لەم وتارەدا جێگەی سەرنجە، كاردانەوەی دۆناڵد ترامپە لەبەرامبەر كاردانەوە توندەكانی كۆماری چینی میللی لەسەر وەڵامدانەوەی تەلەفونەكەی سەرۆكی تایوان، لەمبارەوە د.سلفاتوری ئاماژەی بە كاردانەوەكەی دۆناڵد ترامپ كردووە نووسیوویەتی: ( دۆناڵد ترامپ دوای ئەم پەیوەندیە تەلەفونیە رایگەیاندووە كە دەبێت ئیدارەی داهاتووی ئەمریكا سیاسەتی ( یەك كۆماری چین) كە نزیكە 40 ساڵە لەبەر خاتری كۆماری چینی میللی لە دژی تایوان پیادەی دەكەین كۆتایی پێبێت و بیگۆرین).
ئەم وەڵامدانەوەی دۆناڵد ترامپ بۆ كاردانەوەكانی كۆماری چینی میللی كە دەوڵەتێكی بەهێزە و ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایش و خاوەنی مافی ڤیتۆ لە جیهاندا ، ئاماژەیە بۆ وەرچەرخانێكی نوێ لە سیاسەتی ئیدارەی داهاتووی ئەمریكا بەرامبەر ئەو كیانە سیاسیانەی كە دەوڵەتی ئەمری واقیعی دانپێدانەنراون وەك تایوان و كوردستان.
سەبارەت بەم وەرچەرخانە وتارەكەی فۆرین ئەفێرز ئاماژە بەوە كردووە، ئێستا كاتی ئەوەیە كە تایوان هەنگاوی جدی هەڵبگرێت و گەمەی سیاسی خۆی بەناوی تایوانەوە بكات نەك كۆماری چین ، ئەمەش لەبەر ئەوەیە لەدوای تەواوبوونی شەڕی ناوخۆی لەنێوان تایوان وەك دوورگەیەك و چین وەك نیمچە كیشوەرێكی وشكانی، تایوان بەشێوەیەكی رەسمی وەك ( كۆماری چین) خۆی ناساندووە و تا ساڵی 1971یش هەر بەناوی ( كۆماری چین) لە نەتەوە یەكگرتووەكان نوێنەرایەتی هەموو چینی كردووە، بەڵام پاش ئەوەی هنری كیسنجەر سەردانی چینی كردو لەگەڵ شوان لای سەرۆكی چین رێككەوتن ، ئەندامیەتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە تایوان سەنرایەوە و درایە كۆماری چینی میللی وەك ئەندامی نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیودەوڵەتی.
تایوان لە نەوەدەكانی سەدەی رابردوو وازی لە نوێنەرایەتیكردی هەموو چین هێناوە، بەڵام بەشێوەیەكی فەرمی ناوی خۆی وەك ( كۆماری چین) هێشتۆتەوە، لەبەرامبەریشدا كۆماری چینی میللی بەردەوام تایوانی وەك بەشێك لە كۆماری چینی میللی پێناسەكردووە و هەموو توانای خۆی خستۆتە گەڕ بۆ ئەوەی هیچ دەوڵەتێكی گەورە بە شێوەیەكی فەرمی پەیوەندی دیپلۆماتی لەگەڵ تایوان نەبێت.
بۆ چارەسەركردنی كێشەی نێوان تایوان و چین و ناساندنی تایوان وەك دەوڵەتێك كە جیاواز بێت لە چین، وتارەكە پێشنیاری ئەوەی كردووە، لەبەر ئەوەی ئیدارەی داهاتووی ئەمریكا ئامانجی ئەوەیە كۆتایی بە سیاسەتی 40 ساڵەی ( یەك چین) لە سیاسەتی ئەمریكادا بهێنێت، ئەوا دەبێت تایوان بەفەرمی (خۆی وەك تایوان نەك كۆماری چین) بناسێنێت، ئەمەش زەمینەی ئەوە خۆش دەكات ئەو پەیوەندییە دبۆماتیە نافەرمیانەی كە هەتا ئێستا لەگەڵ ئەمریكا هەیەتی بچنە چوارچێوەی پەیوەندی دبلۆماتیەوە، هەروەك چۆن ئەمریكا پەیوەندی دبلۆماتی فەرمی لەگەڵ چەندین دەوڵەتی دیكەی ئەمری واقیعی لە جیهاندا هەیە.
لەسەر ئەم باكگراوەندە ئەگەر بەراوردێك لە پەیوەندیە تەلەفونیەكەی مایكل بیتس جیگری سەرۆكی هەڵبژێراوی ئەمریكا لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان بكەین، ئەوا ئەوەی لێدەخوێنرێتەوە، ئەگەر وەڵامدانەوەی سەرۆكی ئەمریكا بۆ تەلەفونەكەی سەرۆكی تایوان ، راشكاوانە مانای ئەوە بێت كە خودی دۆناڵد ترامپ دەڵێت( دەبێت كۆتایی بە سیاسەتی یەك چین) بهێنێن، ئەوا تەلەفونەكەی بیتس بۆ بارزانی لە هەمان رۆژدا مانای زیاتری هەیە و واتە ( سیاسەتی یەك عێراق) كە لە هەردوو ئیدارەی بوش و ئۆباما جەختی لەسەر دەكرایەوە ، كۆتایی هاتووە. ئێستا سیاسەتی ئەمریكا بەرامبەر كوردستان سیاسەتێكە و بەرامبەر بەشە عەرەبیەكەی عێراقیش سیاسەتێكی دیكەیە. هەروەها ئەمە مانای ئەوەیە لە سیاسەتی ئیدارەی داهاتووی ئەمریكا پەیوەندییە دبلۆماتیەكانی نێوان هەولێر و واشنتۆن راستەوخۆ و فەرمی دەبێت و جارێكی دیكە ئەمریكا لە رێگەی عێراقەوە مامەڵە لەگەڵ كوردستان ناكات.
Top