هه‌مه‌چه‌شنی پۆپۆلیزم ..پێناسه‌ی دیارده‌كه‌ی مه‌حاڵ كردووه
August 14, 2016
وتار و بیروڕا
سێر ئه‌شعیا به‌رلین... فه‌یله‌سوفی دیاری سه‌ده‌ی بیسته‌م
*****
پۆپۆلیزم یه‌ك شێواز و یه‌ك رێكخراو و یه‌ك ئایدیۆلۆژیای دیاریكراو نییه، به‌ڵكو دیارده‌یه‌كه كه ره‌نگی ئه‌و ژینگه‌یه ده‌گرێت كه تیایدا دروست ده‌بێت، هه‌ر بۆیه پرسیاری گرنگ لێره‌دا ئه‌وه‌یه، ئایا ده‌بێت پۆپۆلیزم چی بێت كه‌وا هه‌موو ده‌وڵه‌تانی رۆژئاوا ده‌سته‌پاچه‌ن له ئاستیدا؟ له وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌شدا توێژه‌رانی سیاسی له‌سه‌ر چه‌مكی پۆپۆلیزم ده‌ڵێن: ئاڵۆزی و دووڕوویی پۆپۆلیزم وایكردووه كه مه‌حاڵ بێت ته‌نیا پێناسه‌یه‌كی دیاریكراو بۆ ئه‌و بارودۆخه بكه‌ین كه پۆپۆلیزم تیایدا سه‌رهه‌ڵده‌دات. ته‌نیا میراتی چه‌مكی پۆپۆلیزم ئه‌وه‌یه شێوازێكی دیاریكراوی رێكخستنی سیاسی، یان شێوازێكی دیاری كاری رێكخراوه‌یی نییه، هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌شه سێر ئه‌شعیا به‌رلین فه‌یله‌سوفی دیاری سه‌ده‌ی بیسته‌م سه‌باره‌ت به پۆپۆلیزم گوتوویه‌تی: پۆپۆلیزم سیمایه‌كی شێوه كه‌وشی هه‌یه، به‌ڵام هیچ پێیه‌ك به ته‌واوه‌تی بۆی نابێت.. There is the Shoe in shape of Populism, but no foot that will fit. Put into)، له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه پسپۆڕان به چه‌ندین شێوه سیماكانی پۆپۆلیزمیان ده‌ستنیشان كردووه:
- پۆپۆلیزم بریتی نییه له ئایدیۆلۆژیه‌تێكی دیاریكراو، به‌ڵكو ئه‌م دیاره له‌ناو رادیكاڵی راستڕه‌و و چه‌پڕه‌وی حزبه‌كانی رۆژئاوا بوونیان هه‌یه، له وڵاتانی عه‌ره‌بی و ئیسلامیشدا، بیجگه له بوونی پۆپۆلیستی رادیكاڵیی راست و چه‌پ، له هه‌مانكاتدا پۆپۆلیستی ته‌یاری ئیسلامیی میانڕۆ و رادیكاڵیش هه‌یه.
- له ده‌وڵه‌تانی رۆژئاوادا.. ئێستا جۆرێك له لاساییكردنه‌وه‌ی بیركردنه‌وه‌ی پۆپۆلیستی به ئاشكرا له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی رێكخراوه تیرۆریستییه‌كانی وه‌ك داعش و قاعیده بوونی هه‌یه و ئه‌وانیش به هه‌مان شێوه‌ی سه‌ركرده پۆپۆلیسته‌كان په‌نا بۆ گوتاری توند و ئیستیفزازی و خۆپیشاندانی تێكده‌رانه ده‌به‌ن و ژینگه‌ی سه‌قامگیری وڵات تێكده‌ده‌ن، له‌مه‌ش زیاتر به سوودوه‌رگرتن له شۆڕشی ته‌كنه‌لۆژیای زانیارییه‌كان و سوودوه‌گرتن له ئازادی راده‌ربڕین كاره دڕنده‌كانی خۆیان به شێوه‌یه‌كی سه‌رنجڕاكێشی ئه‌وتۆ په‌خش ده‌كه‌ن، كه ئێستا دیارده‌ی (گورگه ته‌نیاكانی تیرۆریستی –Lone Wolfe-Terrorist ) دروست كردووه، وه‌ك ئه‌و كرده‌وه تیرۆریستییانه‌ی به‌م دواییه له فه‌ره‌نسا و ئه‌ڵمانیا و ژاپۆن و ئه‌مریكا ئه‌نجامیاندا.
- خاڵی هاوبه‌شی نێوان هه‌موو بزووتنه‌وه پۆپۆلیستییه‌كان ئه‌وه‌یه كه كۆمه‌ڵگه دابه‌ش ده‌كه‌ن بۆ دوو به‌ش (ده‌سته‌بژێر و خه‌ڵك)، ئه‌مه‌ش واته دابه‌شكردنی كۆمه‌ڵگه بۆ دۆست و دوژمن، واته خه‌ڵك دۆسته و ده‌سته‌بژێری فه‌رمانڕاوه دوژمن.
- پێشتر بزووتنه‌وه سۆشیالیستی و كۆمۆنیستییه‌كان كاتێك به‌رگرییان له پڕۆلیتاریا و دژایه‌تی چه‌وساندنه‌وه‌ی كرێكاریان ده‌كرد، هه‌وڵیانده‌دا كرێكاره‌كان فێری خوێنده‌واری بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی هۆشیار ببنه‌وه و دژی چه‌وسانه‌وه خه‌بات بكه‌ن، به‌ڵام لای پۆپۆلیست خه‌ڵك و كۆمه‌ڵگه، زۆنێكی خه‌یاڵییه، ئه‌وان نایانه‌وێت خه‌ڵك هۆشیار بكه‌نه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و باری قورسی ژیان كۆتایی بێت، به‌ڵكو ئه‌وان خه‌ڵك به‌كارده‌هێنن بۆ ئه‌وه‌ی نمایشی گه‌نده‌ڵی و خراپی باری گوزه‌رانی پێبكه‌ن، له‌مه‌ش زیاتر هیچ چاره‌سه‌رێك بۆ كێشه‌كان ناخه‌نه‌ڕوو، ته‌نیا ئه‌وه نه‌بێت كێشه و خراپی گوزه‌رانی خه‌ڵك و گه‌نده‌ڵی ده‌كه‌ن به سووته‌مه‌نیی پڕوپاگه‌نده‌كانی خۆیان.
- پۆپۆلیزم دۆست و دوژمنی دیاریكراوی نییه، ئه‌و به‌پێی ئه‌و بارودۆخه‌ی تێیدا دروست ده‌بێت، دۆست و دوژمنی خۆی دیاری ده‌كات. بۆ نموونه له سیستمی دیموكراتیدا كه حزبی سیاسی فاكته‌ری سه‌ره‌كیی سیستمه‌كه‌یه، پۆپۆلیست هه‌وڵده‌دات حزبی سیاسی لای جه‌ماوه‌ر بێ متمانه و ناشیرینی بكات، هه‌روه‌ها هه‌ر هێنده بڕوای به فره‌حزبی له سیستمی دیموكراتیدا هه‌یه كه حزبه سیاسییه‌كان وه‌ك پۆپۆلیسته‌كان بیربكه‌نه‌وه، كه حزبه سیاسییه‌كان دژی پۆپۆلیسته‌كه راوه‌ستانه‌وه، یان له به‌ره‌یه‌كدا له‌گه‌ڵی نه‌بوون، به ته‌واوه‌تی فره‌حزبی ره‌تده‌كاته‌وه و داوای حكومه‌تی ته‌كنۆكرات ده‌كات، هه‌روه‌ك حزبی سۆسیالیستی كه‌نه‌دی كه دوای ئه‌وه‌ی ده‌كرد حكومه‌تی كه‌ندا بگۆڕێت بۆ حكومه‌تێكی ته‌كنۆكرات و حزبه سیاسییه‌كان له حكومه‌ت بكشێنه‌وه، دیاره له كوردستانیش بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان هه‌مان دواكاری هه‌بوو كه حكومه‌تی كوردستان بكرێته حكومه‌تێكی ته‌كنۆكرات و حزبه سیاسییه‌كان له حكومه‌ت بكشێنه‌وه.
- پۆپۆلیست بۆ ئه‌وه‌ی به ئامانجه‌كه‌ی خۆی بگات، ئاماده‌یه ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ ده‌یڵێت، سبه‌ی به درۆی بخاته‌وه، یان ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ به راستی ده‌زانێت، سبه‌ی پێچه‌وانه‌كه‌ی به راست بزانێت، هه‌ر بۆیه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هه‌ندێك ده‌ڵێن پۆپۆلیست سیاسییه‌كی ڕارایه، به‌ڵام ده‌ركه‌وتووه كه پۆپۆلیست سیاسه‌تێكی ڕارا و ناسه‌قامگیر پیاده ده‌كات، یان زۆر له توێژه‌ران ده‌ڵێن پۆپۆلیست ده‌رهاویشته‌ی كێشه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌یه، به‌ڵام ده‌ركه‌وتووه پۆپۆلیست خۆی دروستكه‌ری كێشه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌یه.

فه‌رهاد محه‌مه‌د