خۆراگری گەلی كورد و سیاسەتی حەكیمانەی كوردستان و و قارەمانی و گیانفیدایی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە ماوەی 5 ساڵی رابردوو رۆلێكی بەرچاو و گرنگی بینی لە سەقامگیریی ئەمن و ئاسایشی ناوچەكە و جیهان، ئەوەش پێگەی هەرێمی كوردستانی لەگەڵ وڵاتان بردە قۆناغێكی دیكە. پێگەی هەرێم لە جیهان لەرووی سیاسی، سەربازی و ئابووری، گرنگیی زۆری هەیە بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. بانگێشتكردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان رێزدار نێچیرڤان بارزانی بەشێوەیەكی فەرمی بۆ كۆڕبەندی ئابووری جیهان لە داڤۆس، بەڵگەیە لەسەر ئەوەی كاربەدەستان و ئەوانەی كۆڕبەندەكە بەڕێوەدەبن، دانیان بەوەداناوە، كە هەرێمی كوردستان كارەكتەرێكی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و ڕۆڵی هەیە لە هاوكێشە سیاسییەكان، ئەمنییەكان، چارەسەرییەكان و ئیدارەی ململانێیەكان، كە هەیە لەسەر ئاستی ناوچەكە. هەروەها ڕۆڵی هەیە لەوەی، كە دەگوزەرێت لە عێراق و هاوكێشە سیاسییەكان ئەوەی، كە پەیوەستە بە پڕۆسەی سیاسی و حكومڕانی لە عێراق و ڕۆڵی هەرێم لەو نێوەندەدا چی دەبێت، وە ڕۆڵی هەرێمی كوردستان لە پاراستنی ئەمنییەتی هەرێمەكەیدا.هەروەها دیدارەكانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان گرنگی هەبوو لەگەڵ سەرۆكی وڵاتان و سەرۆك وەزیران و بەرپرسانی گەورە رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان سازدا، دیدارەكەی سەرۆكی هەرێم لەگەڵ دۆناڵد ترامپ سەرۆكی گەورەترین وڵاتی جیهان لەو كۆڕبەندەدا و بە ئاڵای كوردستانەوە، گرنگترینی ئەو دیدار و رووداوە دیپلۆماسییانە بوون، لە رووی سیاسی و ئابوورییەوە بایەخێكی ئێجگار زۆری هەبوو، بە رادەیەك لە كۆشكی سپی و لە ناوەندەكانی ئەمریكا بە گرنگییەوە باسی كرا، ئەمە جگە لە بڵاوكردنەوەی قسەكانی هەردوو سەرۆك لە لایەن كۆشكی سپییەوە، تەلەفزیۆنی فوكس نیوزی ئەمریكاش راستەوخۆ قسەكانی پەخش كرد. لە رووی دیپلۆماسییەوە دانانی ئاڵای كوردستان جگە لەوەی وەكو رێز و ستایشی گەلی كوردستان و قارەمانێتیی هێزی پێشمەرگە بوو، نیشانە و ئاماژەیەكیش بوو بۆ ئەو سیاسەتە راست و دروست و سەركەوتووەی كە سەرۆكی هەرێم لە رووی پەیڕەوكردنی دیپلۆماسییەتێكی زیرەك و عاقڵانەوە پەیڕەوی كردووەو، درێژەپێدەری سیاسەتی ژیرانە و نیشتمانپەروەرانەی سەرۆك مسعود بارزانی-یە و پەروەردەی قوتابخانەی بارزانی-ی نەمرە، ئەم سەركەوتنەی رێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە كۆڕبەندی داڤۆس بەرهەمی ئەو سەركەوتنەیە كە لە ناوخۆی هەرێمدا بەدەستی هێناوە.لەلایەكی دیكەوە بەشداریكردنی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەو كۆنفرانسەدا گرنگیی خۆی هەیە. ئەوەش، ئەوە دەردەخات كە پێگەی هەرێمی كوردستان بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گرنگە لەرووی سیاسیشەوە گرنگیی خۆی هەیە، چونكە لە پەراوێزی ئەو كۆنفرانسەدا، چاوی بە بەرپرسانی جیهان كەوت. بۆیە، ئەو دیدار و كۆبوونەوانە بۆ هەرێمی كوردستان بەرهەمدار و پڕ بایەخ دەبن.بەشداریكردنی رێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنفرانسی میونشن، بۆ هەرێم و ناوچەكە زۆر گرنگە، چونكە لە پەراوێزی بەشداریكردنی لە كۆنفراسەكەدا چەندین دیداری گرنگ و پڕ بایەخی هەبوو لەگەڵ سەركردەی وڵاتانی ئەوروپا، ئەمریكا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. كۆنفڕانسی ساڵانەی میونشن، بۆ پتەوكردنی پەیوەندییە دیبلۆماسییەكان، چونكە لە پەڕاوێزی ئەو كۆنفڕانس و كۆڕبەندانە، هەمیشە كۆبوونەوەی زۆر گرنگ دەكرێن، وەكو بینیشمان لە نێوان سەرۆك و بڕیاربەدەستانی وڵاتان چەندین كۆبوونەوەی گرنگ كران، هەرێمی كوردستان وەكو كاراكتەرێكی نادەوڵەتی ئەكتیڤ و كارا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، رۆڵێكی گرنگی هەبووە لە بەرقەراركردنی ئاسایش و تێكشكاندنی داعش. بۆیە، یەكێك دەبێت لە داڕێژەرانی پلانی سەقامگیریی جیهان، چونكە بوونی داعش هەڕەشەیەكی جددی بوو لەسەر ئاسایشی جیهان. هەر لەبەر ئەوە پێگەی هەرێمی كوردستان وەكو پێگەیەكی گرنگ، وە پێگەی پێشمەرگە تێكشكێنەری داعش گرنگ بووە لەو ناوچەیە، بەشداریی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم بە دڵنیایەوە لەلایەن وڵاتانەوە بە گرنگی دەخوێندرێتەوە بۆ بەرژەوەندیی هاوبەش، بۆ پتەوكردنی پەیوەندییە دیبلۆماسییەكانی هەرێمی كوردستان، ئەو چاوپێكەوتنانەی لە پەڕاوێزی كۆنفڕانسەكە كران، گرنگن بۆ پتەوكردنی پەیوەندییە دیبلۆماسییەكان بۆ زیاتر ئالوگۆڕكردن و رێككەوتن لەسەر بەرژەوەندییە هاوبەشەكان، هەماهەنگیی هاوبەشیش، ئەمەش بۆ بەرقەراركردنی ئاشتییە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.هەر بۆیە، كۆبوونەوەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی كوردستان لەگەڵ كەسایەتییە گرنگەكانی بەشداربووی كۆنگرەی میونشن، نیشانەی پێگەی بەهێزی هەرێمی كوردستانە و بەدڵنییاییەوە هەموو ئەو سەردان وبانگهێشتە فەرمییانە بۆ ئەو ناوەندە ستراتیژی و كۆربەندە جیهانییانە لە داهاتوودا كاریگەری بۆ سەر ئایندەی كورد وكوردستان دەردەكەوێت ..