كۆتایی داعش سەرەتای وەرچەرخانێكی دراماتیكیی گەورە لەناوچەكەدا

كۆتایی داعش سەرەتای وەرچەرخانێكی دراماتیكیی گەورە لەناوچەكەدا
ئەگەر پرۆسەی ئازادكردنەوەی موسڵ وەك تێكشكاندنی داعش لە رووی سەربازییەوە لەقەڵەم بدرێت، بەڵام ناتوانرێت بە كۆتایی شەڕی مەزهەبگەرایی شیعەو سوننە لە عێراقدا دابنرێت. دیارە شەڕی مەزهەبگەرایی شیعەو سوننەش درێژكراوەی شەڕی ناوخۆی سووریا و باشووری لوبنان و یەمەن و تەواوی جیهانی ئیسلامیشە، لەم بازنەیەدا پرۆسەی ئازادكردنەوەی موسڵ دەبێتە ناوچەی تەقینەوەی گرژی و ئاڵۆزییەكانی نێوان ئەو جەمسەرانەی كە خۆیان بە نوێنەری شیعەو سوننە دەزانن، لەم راستەوە هەندێك مەزندەی ئەوە دەكەن كە هاوكات لەگەڵ پرۆسەی ئازادكردنەوەی موسڵ، یان راستەوخۆ دوای ئازادكردنەوەی موسڵ، شەڕو ئاڵۆزی لەچەند شوێنێكی دیكەی ناوچەكە لەنێوان ئەو جەمسەرانە بەتایبەتی (توركیاو سعودیەو ئێران) ئەوجا راستەوخۆ بێت، یان شەڕی بەوەكالەت هەڵدەگیرسێت، هەندێكی دیكەش مەزندەی ئەوە دەكەن كە گۆڕەپانی شەڕی ئازادكردنەوەی موسڵ خۆی راستەوخۆ ببێتە گۆڕەپانی شەڕی بەوەكالەتی دەوڵەتانی دراوسێی عێراق، بەتایبەتی ئێران كە لەیەمەنەوە تادەگاتە باشووری لوبنان سەرپەرشتی شەڕی بەوەكالەت دەكات.
پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە ئەگەر ستراتیژیەتی ئێران لە تەواوی ناوچەكە پشتگیریكردنی شەڕی بەوەكالەت بێت، ئایا كاردانەوەی جەمسەرەكانی دیكە بەرامبەر ئەم ستراتیژەی ئێران چۆن دەبێت؟ دیارە پسپۆڕان لەوەڵامی ئەم پرسیارەدا دەڵێن: ئەگەر ئێستا شەڕە ناراستەوخۆكە بەئاشكرا لەنێوان سعودیەو ئێراندا بوونی هەبێت، ئەوا ئەم شەڕە بەشێوەیەك لەنێوان جەمسەری شیعەو سوننەدایەو هیچ لایەك لەسعودیەو ئێران بە تەنیا نین و هەریەكەیان كۆمەڵێك هاوپەیمانی هەیە. هەر بۆ نموونە ئەگەر لەچوارچێوەی شەڕی سوننەو شیعە، بەشێكی زۆری دەوڵەتانی عەرەبی و پاكستان و توركیا پشتگیری بەرەی سعودیە بكەن، لەبەرامبەردا بەشێكی شیعەی عێراق و رژێمی ئەسەدو حزبوڵا و حوسییەكانیش خۆیان لەبەرەی ئێراندا دەبیننەوە، خۆ ئەگەر كێشەكەش وەك دووبەرە لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەك كێشەی نێوان ئێران و ئیسرائیل سەیری بكەین، ئەوا بەرەكە فراوانتر دەبێت، ئیسرائیل دەكەوێتە بەرەی سعودیەو ئەمریكاو ناتۆ، ئێرانیش دەكەوێتە بەرەی عێراق و سووریا و حزبوڵا و حوسییەكان و رووسیاو كۆریای باكوورەوە.

سەبارەت بە ئەگەری یەكەمیان كە شەڕی بەوەكالەت بۆ فراوانكردنی مەدی شیعە كە ئێران رێبەرایەتی دەكات، چاودێران پێیانوایە، ئەگەری ئەم شەڕە لەگەڵ پرۆسەی ئازادكردنەوەی موسڵ چاوەڕوانكراوە، بەڵام سەبارەت بە ئەگەری دووەمیان كە رووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیل و ئێرانە، ئەمەیان ئەگەرێكی دوورەو مەترسیی روودانی زۆر كەمە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئیسرائیل چەكی ئەتۆمی هەیە، بەڵام ئێران توانا ئەتۆمییەكەی لە چوارچێوەی رێككەوتنی لەگەڵ ئەمریكادا سڕكراوە، بۆیە خۆی ناخاتە ئەم شەڕەوە.

كەواتە ئەم ئاراستەیە بەرەو ئەوەمان دەبات كە شەڕی بەوەكالەت ئەگەرێكی نزیكە، بەڵام پرسیار ئەوەیە ئەگەر شێوازی شەڕی بەوەكالەتی ئێران گۆڕەپانی شەڕی نێوان شیعەو سوننە بێت لەو وڵاتانە، ئایا گۆڕەپانی شەڕی بەوەكالەت دژی ئێران كوێ دەبێت؟ سەبارەت بەوەڵامی ئەم پرسیارەش شارەزایان و پسپۆڕان دەڵێن، پێكهاتەی ئێران پێكهاتەیەكی هەمەڕەنگەو لەچەندین نەتەوەو مەزهەب و ئایینی جیاواز پێكهاتووە، بەشێكی زۆری ئەم پێكهاتانە ئۆپۆزیسیۆنی دەسەڵاتی سیاسیی تارانن، هەربۆیە كاتێك داعش لە رووی سەربازییەوە كۆتایی دێت، ئەوا شەڕەكە شێوازێكی تەواو شەڕێكی ناوخۆیی مەزهەبگەرایی سوننەو شیعە وەردەگرێت، لەم حاڵەتەدا ئەگەر شەڕی بەوەكالەتی ئێران ببێتە هۆكاری درێژە پێدانی شەڕی ناوخۆ لە عێراق و سووریا و یەمەن، ئەوا بەهەمان شێواز شەڕێكی بەوەكالەتی ناوخۆ بۆ بەرژەوەندی ئەو وڵاتانە لەناو ئێرانیشدا دەست پێدەكات.

لەناو ئەم هاوكێشە ئاڵۆزەدا كە پرۆسەی ئازادكردنەوەی موسڵ بەرەو كۆتاییهاتن دەڕوات، ئەمریكا وەك سەرۆكی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش، لەهەوڵی ئەوەدایە، فاكتەری سەرەكیی دروستبوونی شەڕی بەوەكالەت و ئیقلیمی دووربخاتەوە، هەر بۆیە بە ئاشكرا رایگەیاندووە، ئەو هێزانەی بۆ نموونە وەك (حەشدی شەعبی و هێزی دیكەش لە كوردستاندا) كە راستەوخۆ سیاسەت و ستراتیژیەتی ئێران جێبەجێ دەكەن، لەشەڕی دژی داعشدا بە هێزی ئاسمانی پشتگیری ناكرێن، ئەمەش مانای ئەوەیە لەئێستاوە ئەو هێزانە دەستنیشان كراون كە دوای داعش بۆ بەرژەوەندیی مەدی شیعەگەرایی لەناوچەكەدا درێژە بە شەڕی ناوخۆیی دەدەن. پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئەگەر هەڵوێستی ئەمریكا لەناو شەڕی كۆتاییهێنان بەرامبەر داعش، ئەم هەڵوێستەی هەبێت، ئایا دوای ئازادكردنەوەی موسڵ و دەستپێكردنی قۆناخی گێڕانەوەی سەقامگیری و متمانە لەنێوان شیعەو سوننەی عێراقدا، چ هەڵوێستێكی بەرامبەر ئەو هێز و لایەنانە دەبێت، كە بۆ بەرژەوەندیی ئێران فیتنەی مەزهەبگەرایی دروست دەكەن؟ بێگومان لەم حاڵەتەدا كە ستراتیژیەتی ئەمریكاو هاوپەیمانان تێكشكاندنی داعش و لە ریشەهەڵكێشانی فیكری داعشە وەك فیتنەی شەڕی مەزهەبگەرایی لەناوچەكەدا، لەم حاڵەتەدا ئەگەر دوای داعش شەڕی ناوخۆی نێوان شیعەو سوننە بەردەوام بێت، ئەوا ئەو لایەنەی كە دەبێتە هۆكاری بەردەوامیی شەڕی ناوخۆی شیعەو سوننە، وەك فیكری داعش سەیردەكرێت و هاوپەیمانی نیودەوڵەتی و ئەمریكا بەرامبەری رادەوەستن، ئەمەش بەو مانایەی كاتێك داعش كۆتایی دێت، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش ئەركەكەی كۆتایی نایەت، بەڵكو ئەو كاتە ئەركی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كۆتایی پێدێت، كە هۆكاری فیتنەی مەزهەبگەرایی نێوان شیعەو سوننە كۆتایی پێهاتبێت.
Top