یەحیا رەسووڵ وەڵامی سەدر دەداتەوە: تیشك خراوەتە سەر پاراستنی ئاسایشی هاووڵاتییان

یەحیا رەسووڵ وەڵامی سەدر دەداتەوە: تیشك خراوەتە سەر پاراستنی ئاسایشی هاووڵاتییان
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق رایگەیاند، هێزە ئەمنییەكان لاواز نین و ئێستاش تیشك خراوەتە سەر پاراستنی ئاساییشی هاووڵاتییانی عێراق و حكومەتیش كار لەسەر پاراستنی سەروەریی وڵات دەكات.

لیوا یەحیا رەسووڵ، گوتەبێژی مستەفا کازمی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق رۆژی چوارشەممە 2021/02/11 بە میدیایەکی عێراقی راگەیاند: "چەند رۆژێكە لە سێ پارێزگا ئۆپەراسیۆنی فراوان دەستی پێکردووە. ئامانج لە ئۆپەراسیۆنەكانی هەموو ناوچەكانیش لەناوبردنی داعشە. ئێستاش تیشك خراوتە سەر پێکەوەبوونی هێزە ئەمنییەكان دژی هەر هەوڵێك کە ئامانج لێی لاوازكردنیان بێت. حكومەتی عێراقیش كار لەسەر پاراستنی سەروەریی وڵات دەكات."

بە گوتەی یەحیا رەسووڵ، شەڕی دژی داعش شەڕێكی هەواڵگرییە و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانیش جەختی لە گرنگیی بەهێزبوونی هێزە ئەمنییەكان و رۆڵی هەواڵگری یكردووەتەوە و دەڵێت: "دوای دوو تەقینەوە خۆكوژییەكەی گۆڕەپانی تەیەران، فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان فەرمانی دا بە مەبەستی رێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە هێرشانە و كاركردن لەسەر ئۆپەراسیۆنی سەربازیی لەناكاو دژی دوژمن هەوڵەکان چڕبکرێنەوە."

لەبارەی هەڵوێستی فەرمیی عێراق لە بەرامبەر ئۆپەراسیۆنی هێزەكانی توركیا لەنێو خاكی باشووری کوردستان، لیوا یەحیا رەسووڵ دەڵێت: "هەڵوێستی عێراق لەبارەی بەكارهێنانی خاكەكەی وەكو پێگەیەك بۆ هێرشكردنە سەر وڵاتێكی دیكە روونە. وەزیری بەرگرییش باڵیۆزی توركیای لە گرنگیی پاراستنی سەروەریی عێراق ئاگادار كردووەتەوە."
rudaw -
Top