بەهای دۆلار لە پارێزگاكانی عێراق جیاوازە

بەهای دۆلار لە پارێزگاكانی عێراق جیاوازە
ئەمڕۆ سێشەممە بەهای دۆلاری ئەمریكی لە بەرانبەر دیناری عێراقی لە چەند پارێزگایەكی عێراقدا بەرز و نزمی جیاوازی تۆمار كردووە، ئەمەش دوای ئەوەی دوێنێ دووشەممە بەهای دۆلار بە ڕێژەیەكی كەم دابەزیبوو.

بە پێی میدیاكانی عێراق، بەهای دۆلار لە بۆرسەی بەغدای پایتەختی فیدراڵی وەكو دوێنێ ماوەتەوە، ١٠٠ دۆلاری ئەمریكی بە ١٤٤ هەزار و ٥٠٠ دیناری عێراقی مامەڵەی پێوە كراوە.

بەڵام لە سنووری پارێزگای دیالە، نرخی ١٠٠ دۆلار گەیشتە ١٤٥ هەزار دیناری عێراقی.

هەروەها لە مووسڵ بەهاكەی كەمتر بووە و ١٠٠ دۆلار بووەتە ١٤٣ هەزار و ٥٠٠ دیناری عێراق، هەروەها لە پارێزگای نەجەف ١٠٠ دۆلاری ئەمریكی بە ١٤٤ هەزار دینار مامەڵەی پێوەكراوە، لە پارێزگای بەسراش ١٠٠ دۆلار ئەمریكی بە ١٤٣ هەزار دینار مامەڵەی پێوە كراوە.

ئەمەش دوای ئەوە دێت كە كۆتایی ساڵی رابردوو بەنكی ناوەندیی عێراق بە پلانی حكوومەتی فیدراڵی، بەهای دیناری عێراقیان دابەزاند، وەكو ڕێگەیەك بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنان و كەمكردنەوەی مووچەی مووچەخۆرانی وڵاتەكە.











باسنيوز



Top