نەتەوە یەکگرتوەکان: پێویستە هەرچی زووە هەڵبژاردنێکی پاک لە عێراق ئەنجامبدرێت
نەتەوە یەکگرتوەکان پشتگیری لەدانوستانە ستراتیژییەکانی نێوان حکومەتی کازمی و ئەمریکا دەکات
جینین هێنیس پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، نەتەوە یەکگرتوەکان پشتگیری لەدانوستانە ستراتیژییەکانی نێوان حکومەتی کازمی و ئەمریکا و هەر دانوستانی دیکە دەکات کە رۆڵی هەبێت لە سەقامگیربونی ئاسایشی عێراق.
ئاماژەی بەوەشکرد، پشتگیری لە هەوڵەکانی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بەرەنگاربونەوەی تیرۆر و رێکخراوی داعش دەکەن لە وڵاتەکە، بەردەوامیدان بە گفتوگۆکردن لەبارەی ئەو دۆسییەوە لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی دیکە لە چوارچێوەی رێزگرتن لە سەروەری خاکی عێراق و بەرژەوەندی ئاڵوگۆڕ گرنگی خۆی دەبێت.
لەبارەی تێڕوانی نەتەوە یەکگرتوەکان لە هەڵسەنگاندنی تواناکانی حکومەتی کازمی لە کۆتایهێنان بە ململانێکانی عێراق پلاسخارت وتی، "عێراق روبەڕوی چەندین ئاڵنگاری کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئاسایشی، ئابوری و تەندروستیش بوەتەوە، پێویستی بە پشگیرییەکی زۆرە بۆ تێپەڕاندنی ئەو ئاڵەنگاریانە، حکومەتی کازمی خاوەنی پڕۆگرامێکی هاوسەنگی نیشتیمانییە، بۆ چارەسەرکردنی ئەو دۆسیانە لە چوارچێوەی پاراستنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی بیانیدا".
پێویستە هەڵبژاردنێکی ئازاد و "شەفاف" لە عێراق ئەنجامبدرێت بۆ گەڕانەوەی متمانەی عێراقییەکان بە دەسەڵاتەکەیان
پلاسخارت ئەوەشی خستەڕو، پێویستە رێکارەکانی خۆئامادەکردن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی ئازاد و "شەفاف" لە عێراق دەستپێبکرێت، بۆ گەڕانەوەی متمانەی عێراقییەکان بە دەسەڵاتەکەیان، پێویستە لە هەڵبژاردنەکاندا کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە عێراق بپارێزرێت لە هەر دەستوەردانێکی سیاسی.
خەندان-
